مورادی
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بە دەستلەکارکێشانەوەی عەلاوی جارێکی دیکە پێویست دەکات لایەنەکان گفتوگۆکانیان بۆ دیاریکردنەوەی جێگرەوەیەک دەستپێبکەن. دەشڵێت ”عێراق ناکەوێتە بۆشایی یاساییەوە”.
شەوی ١\٢-٣-٢٠٢٠ی ئازار محەمەد تۆفیق عەلاوی، لە پەیامێکدا کشانەوەی خۆی لە راسپاردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران راگەیاند و روونیکردەوە، هەرچەندە ئەو خواستی ئەوەی هەبووە، کە حکومەتێکی سەربەخۆ و دوور لە پشک پشکێنەی حزبەکان پێکبهێنێت، بەڵام بەشێک لە پارتە سیاسییەکان لە بەڵێنەکانیان بەرامبەر شەقام بۆ پشتیوانیکردنی “راستگۆ نەبوون”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کابینەی نوێی عێراق و دروستبوونی بۆشایی یاسایی راگەیاند: ئەو وادەیە کۆتایی هات، کە بۆ سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو دیاریکرابو، بەڵام بەر لەوادەی خۆی شەوی رابردو محەمەد عەلاوی پاشەکشەی لە پێکهێنانی حکومەت کرد، ئێستاش پێویست دەکات لایەنە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بە هەماهەنگی سەرۆکایەتی کۆمار دەست بە گفتوگۆکان بکەن.
حەسەن ئاڵی دەڵێت، عێراق دوای پاشەکشەی عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکومەت ناکەوێتە بۆشای دەستوریی، چونکە حکومەتی کاربەڕێکەر لە کارەکانی بەردەوام بێت تاوەکو کەسێکی دیکە رادەسپێدرێت، ئەگەر عادل عەبدولمەهدیش خواستی بەردەوام بونی نەبو، دەتوانرێت یەکێکە لە جێگرەکانی سەرۆک وەزیران ئەرکەکانی بەڕێوەبەرێت.