نوچە
بەمەبەستی پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، یەکێتی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە راگرتنی دانانی پرسە لە مزگەوتەکان تاوەکو ٢١-٣-٢٠٢٠. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت ”تاوەکو ئێستا لە هەولێر هیچ کەسێک تووشی کۆرۆنا نەبووە”.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی رایگەیاند: “ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف و جێگری پارێزگاری هەولێر، سەردانی لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و لیژنەی فەتوای هەولێرمانکرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا”.
فرسەت سۆفی گوتی: “ئەو رێوشوێنانەی ئێمە لە قۆناخی رابردوو وەکو پارێزگای هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتوومانەتەبەر، لەو کۆبوونەوەیە بۆ مامۆستایانی ئایینیمان روونکردەوە داوامان لێکردن بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو رۆڵ و پێگە گرنگە ئایینییەی هەیانە، رۆڵ لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک ببینن لە جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانەی ئێمە دەرمان کردووە، کە گشتیان لە پێناوی تەندروستی گشتی و بەرژەوەندی گشتین”.
پارێزگاری هەولێر دەرکردنی بڕیارەکان بۆ رێگریی لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کوردستان بە ناچاریی ناودەبات و گوتی: “ئێمە ناچاربووین لە چەند رۆژی رابردوو کۆمەڵێک بڕیار دەربکەین، کە رەنگە ئەو بڕیارانە لە دۆخێکی ئاسایی بە دڵی هیچ کەسێکمان نەبووبێت، بەڵام پێویستییەک هاتووەتە پێش دەبێت هەموومان پێکەوە پابەند بین لە پێناوی ئەوەی خۆمان بپارێزین لەو نەخۆشییە و رێگری لێبکەین. هیوادارم هاونیشتمانیان هەموو ئەو رێنماییانە جێبەجێ بکەن کە لە قۆناخی رابردوو دەرچوونە و هەموو لایەک پێیەوە پابەند بن، بۆ ئەوەی بتوانین تەندروستی گشتی بپارێزین”
سەبارەت بە گەیشتنی کۆرۆنا بە هەولێر، فرسەت سۆفی گوتی: “تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە هەولێری پایتەخت تۆمارنەکراوە، پشتیوان بە خودا هەموو هەوڵەکانی خۆمان دەخەینەگەڕ لە پێناوی ئەوەی هەموو رێوشوێنێک بگرینەبەر تا لەم نەخۆشییە بەدوور بین، بە پشتیوانی هەموو لایەکیش دەتوانین کاری باش بکەین”.
لەبارەی راگرتنی پرسە لە مزگەوتەکان فرسەت سۆفی گوتی: “ئەمڕۆ تایبەت بە بابەتێکی دیاریکراو لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی قسەمان کرد، شوکر بۆ خودا هەموومان کۆک بووین، سوپاس بۆ پشتیوانی و رادەربڕینیان کە ئێمە لەو کۆبوونەوەیە بڕیاماندا تاوەکو رۆژی 21ی ئازار رێوڕەسمی پرسە و فاتیحە خوێندن لە هەموو سنووری پارێزگای هەولێر رابگیرێت، ئەم رێوڕەسمە تەنها لەسەر گۆڕستان دەکرێت دوای ئەوە نە لە ماڵ و نە لە هۆڵەکان و مزگەوتەکانیش پرسە بەڕێوەناچێت، ئەمەش تەنها لە پێناوی پارێزگاریکردنە لە تەندروستی خەڵک”.
مەلا نیاز راغب، بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان لەبارەی فەتواکەوە رایگەیاند: “لە روانگەی ئەوەی خۆپارێزی لە مەترسییەکان ئەرک و واجبە لەسەر هەر تاکێک، بە ئامانجی رێگەگرتن لە زەرەر و زیانێکی گەورە کە ئەویش زەرەر و زیانی تەندروستییە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە روانگەی ئایینییەوە زانایانی ئایینی و لیژنەی فەتوای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر بە باش زانرا کە رێوڕەسمی پرسە تاوەکو ٢١-ی مانگی ٣ رابگیرێت، راگرتنی پرسەش هیچ کاریگەرییەکی ئایینی نییە، ئەوەی واجبە بۆ مردوو بکرێت بریتییە لە شووشتن و کفنکردن و نوێژ لەسەرکردن و شاردنەوەی لە گۆڕستان، ئەم چوار کارە واجبی ئایینییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت”.