نوچە
پاڵه‌وانێکی كوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، له ته‌مه‌نی ٣٢ ساڵیدا به جه‌ڵته‌ی دڵ كۆچی دوایی كرد.
سیامەند رەحمان، یاریزانی پارائۆڵۆمپیکی ئێران له به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی، ناوی لە کتێبی گنینیسی تایبەت بە ژمارە پێوانەییەکان تۆمارکراوه و به به‌هێزترین یاریزانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له جیهاندا داده‌نرێت و دوو مه‌دالیای زێڕی ئۆڵیمپی به‌ده‌ستهێناوه.
ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی ئێران رایانگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ره‌حمانی تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ بووه و له نه‌خۆشخانه‌ی شنۆیه‌ی زێدی له رۆژئاوای ئێران كۆچیی دوایی كردووه.

ره‌حمانی له پارائۆڵیمپیادی ٢٠١٢ له له‌نده‌ن و ٢٠١٦ له ریۆ دی جانیرۆ مه‌دالیای زێڕ به‌ده‌ستهێناوه له به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی و له ٢٠١٠ له پارائاسیا مه‌دالیای زێڕی بردووه‌ته‌وه.
ئه‌و پاڵه‌وانه كورده، خاوه‌نی رێكۆردی جیهانییه له به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له كێشی ١٠٧ كیلۆگرام كه ٣١٠ كیلۆی به‌رزكردووه‌ته‌وه.
وه‌زیری وه‌رزشی ئێران و چه‌ندین كه‌سایه‌تی سیاسی و وه‌رزشی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێران، سه‌ره‌خۆشی خۆیان ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی سیامه‌ند ره‌حمان كرد و نیگه‌رانی خۆیان نیشاندا بۆ له‌ده‌ستدانی پاڵه‌وانێكی جیهانی.
سیامەند رەحمان لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨-ی شنۆ لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
