شلێرسەعید- هەولێر
پەرلەمانی عیراق، بۆ متمانەدان بە کابینەی محەمەد عەللاوی کۆبووە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر شەش دواخرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١-٣-٢٠٢٠، پەرلەمانی عیراق بۆ متمانەدان بە کابینەکەی محەمەد عەللاوی کۆبووە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر شەشی ئێوارە دواخرا.
لە لێدوانێكی تایبەت فیراس الخزعلی، ڕاوێژكاری یاسایی بەنوچەی ڕاگەیاند: لە ڕوی یاساییەوە هەر كاتێك ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان تەواو بێت، كە نابێت لە ١٦٠ ئەندام كەمتر بێت کە متمانە بە عەلاوی دەدەن ، ئەوا دەتوانێ حكومەت دروست بكات، هەتا گەر كوتلەی كورد و سوننەش بەشدار نەبن.
عیراق فرە پێکهاتەو نەتەوەیە، لەکاتی تەواوبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، بەبێ پێکهاتەی کورد و سوننە، ئەم حکومەتە سەرکەوتوو دەبێت؟
خزعەلی دەڵێت: جارێ ناتوانین بڕیاربدەین كە چۆن حكومەتێك دەبێ ، ئایا سەركەوتو دەبێت یان شكست دێنێ، لە کاتێکدا ئەگەر حکومەتێکی تەوافقی نەبێت.
بۆ سێیەمینجارە پەرلەمانی عیراق بۆ متمانەدان بە، حکومەتە کۆدەبێتەوەم کە محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆی راسپێردراوە، بەڵام سەرکەوتوونابێت، ئەمڕۆش تا ئێستا رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواونەبووە.
ئەم راوێژکارە یاساییە جەخت دەکاتەوە”ئەگەر کابینەکەی عەللاوی لە وادەی یاسایی خۆی، کە ٣٠ رۆژە متمانەی بەدەست نەهێنا، بەپێی دەستور دەبێت سەرۆککۆمار لە ماوەی ١٥ رۆژدا کەسێکی دیکە بۆ پێکهێنانی کابینە راسپیرێت”.
وێڕای نەبوونی تەوافق لە نێوان عەللاوی و کوردو سوننە، ئەمڕۆ لەسەرجەم پارێزگاکانی عیراق، خۆپیشاندەران دژی کابینەکەی عەللاوی بەرەو بەغدا بەرێکەوتن.