شەڕ و پێکدادان لە نێوان پەنابەران و پۆلیسی یۆنانی بەردەوامە

0

شلێر سەعید- هەولێر

پێکدادان و شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە سنورییەکانی یۆنان و کۆچبەران لەسەر سنور بەردەوامە، پۆلیس گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنێت. بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەشێک لە کۆچبەران توشی تەنگەنەفەسی بوون.

دوای شەڕی دەستپێکردنی شەڕی نێوان سوریاو تورکیا وکوژرانی ٣٣سەربازی تورکیا لە ئیدلیب، تورکیا رایگەیاند: دەروازەکانی بەرووی کۆچبەرو ئاوارەکانی سوریا بۆ ئەوروپا دەکاتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: کە گوتمان دەرگا لە کۆچبەران دەکەینەوە، بڕوایان نەکرد، دەرگامان کردەوە و نزیکەی ١٨هەزار کۆچبەر لەسەر سنورەکانن، لەوانەیە ژمارەشیان بگاتە ٢٥هەزار.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ” سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار سورییمان لەخۆگرتووە، ئیتر توانای وەرگرتنی شەپۆلێکی تر کۆچبەرانمان نییە، چیتر بڕوا بە بەڵێنی ئەوروپییەکان بۆ هاوکاریکردنی کۆچبەران ناکەین.”

حکومەتی یۆنان رایگەیاند: لە ماوەی ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا، ڕێگری لە دەربازبوونی چوار هەزار کۆچبەری نایاسایی لە سنورە وشکانی و ئاوییەکان کردووە.

دوێنێ‌ شەممە، ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠، حکومەتی یۆنان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی پرسی کۆچبەران و ئاڵۆزبوونی سنورەکانی تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا، بەست. دوای ئەوەی ئەنقەرە دەرگای سنورەکانی بۆ کۆچبەران کردەوە.

 لە لێدوانێكی تایبەت  سۆران ڕەشید، بەرپرسی میدیایی پڕۆژەی كۆچبەر، بەنوچەی ڕاگەیاند: بەداخەوە بڕیاری كردنەوەی سنور لە لایەن توركیاوە دیسان شەپۆلێكی دیكەیە لە كۆچی گەنجانی هەرێمی كوردستانەوە دەست پێدەكاتەوە،  ئێمە پێمانوایە ئەم ڕێگایە مەترسیدارە چونكە تەنها لەلای توركیا   سنور كراوەتەوە، ئەوەش بەمەبەستی سیاسییە، بۆیە ئەم كۆچكردنە زۆر مەترسیدارە، وڵاتانی دیكەی ئەوروپا سورن لەسەر ئەوەی كە ڕێگە نادەن  بە كۆچبەران  تێپەڕن. مەترسییەکی تر ساردی کەشوهەوایە داوادەکەین کەس خۆی لەم رێگایە نەدات.

بەرپرسی میدیایی پڕۆژەی كۆچبەرهەروەها گوتی:  بەشێکی زۆری کۆچبەران خەڵکی سوریا و هەرێمی كوردستانن،  ئەوانی تر خەڵکی ئەفغانستان و عێراق و پاکستان و چەند شوێنێکی ترن.

سەبارەت بە رەوشی پەنابەران دوای کردنەوەی دەروازەکانی تورکیا، سۆران رەشید گوتی: پێکدادان و شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە سنورییەکانی یۆنان و کۆچبەران لەسەر سنور بەردەوامە، پۆلیس گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنێت، بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەشێک لە کۆچبەران توشی تەنگەنەفەسی بوون. کۆچبەران هەوڵ دەدەن بە بەرد هێرش بکەنە سەر پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان تاوەکو ڕێگە بکەنەوە و دەرباز ببن.

شایانی گوتنە، رێگە بە راگەیاندنەکانی نادرێت رەوشی پەنابەران لەسەر سنوری یۆنان روماڵ بکەن، تەنیا تەلەفزیۆنی فەرمی یۆنان، دیمەنی هێرشی کۆچبەرانی بڵاوکردەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com