نوچە
وەزارەتی تەندروستی عێراق، دوای تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتدا، داوا لەسەرجەم هاوڵاتیان و خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەکان دەکەن، لە پێناوی پاراستنی تەندروستی هەموو لایەک لەم کاتەدا سەرجەم گردبوونەوە جەماوەرییەکان رابگیرێن.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: دوای ئەوەی لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چەند حاڵەتێکی نوێی توشبون بە کۆرۆنا لە بەغدا تۆمارکراوە، داوا لە گەلی عێراق دەکەن، کە پێویستە پابەندی رێنماییەکانی پەیوەست بە خۆپارێزی و دروستنەکردنی کۆڕوکۆبونەوەی فراوان بن، ئەوەش بە ئامانجی بەرگرتن لە بڵابونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی داوە، کە وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە چارەسەرکردنی بریندارانی خۆپیشاندانەکان، لە روانگەی تەندروستییەوە داوای راگرتنی هەموو جۆرە کۆبوونەوەیەکی خەڵک لە گۆڕەپانەکان دەکەن، ئەوەش لە پێناوی پاراستنی هاوڵاتیان و خێزانەکانیان.
بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، تاوەکو ئێستا لەسەرانسەری وڵاتدا ١٣ حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و داواشیان لە هاوڵاتیان كردووە، پابەندبن بە رێنماییە فەرمییەكانەوە بۆ خۆپاراستن لە توشبوون بەو پەتایەی، کە لە بەشێكی زۆر لە وڵاتانی جیهاندا تەشەنەی سەندووە.