نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئێمە تیمی گەڕۆکی وامان نییە، کە ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگەڕێت.
دوای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بە تایبەت وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم بە مەبەستی ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک ڕێکاری ئیداری و تەندرووستی گرتنەبەر.
لە ئێستاشدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشداری دەدرێتە هاوڵاتیان، كە تیمێك پەیدا بووە بە ناوی پشكنین بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا و تیمەکە دەچنە ماڵان و لە رێی ئامێرێكەوە خاوەن ماڵ بێ هۆش دەكەن و دەست بە تاڵانكردنی ماڵەكەی دەكەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە تێمی گەڕۆک بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕایگەیاند: ئەو دەنگۆیەی، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووتەوە، کە گوایە تیمێکی گەڕۆک لە وەزارەتی تەندرووستی بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک دەگەڕێت بەو شێوەیە نییە، بەڵکو ئێمە تەنها لە ئامادەباشیداین و تیمێکی گەڕۆکمان هەیە، کە بە هێڵە گەرمەکانەوە دەبەسترێت، لە کاتێکدا ئەگەر گومان بکەین لە شوێنێک پێویست بکات بڕۆین، خۆمان تیمێکی تایبەتمان هەیە دەرۆن بۆ شوێنەکە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی “ئەم تیمە کاتێک سەردانی شوێنێک یان کەسێک دەکات، کە خۆی یان کەسێکی دیکە پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە بکات، زانیاریمان بدات کەسێک گومانی لێدەکرێت یان کەسێک بەم دواییانە لە وڵاتێکی دیکەوە هاتووەتەوە یان لە وڵاتی ئێران بە قاچاخ گەڕابێتەوە و نەیەوێت کەرەنتینە بکرێت، ئەمانەش دوای ئەوەی، کە لەلایەن تیمێکی تەندروستییەوە بە لیژنەیەکی هاوبەش پێکەوە چێکی ئەو شێونە دەکەین و پشکنینی بۆ دەکەین”.