نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەنامەی کاری حکومەتەکەی عەلاوی بەگشتی لەبەرژەوەندی گەلی عێراقدا نییەو دەڵێت”زۆر بەداخەوە تەنها لەیەک دێڕدا باسی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەویش پرسی یەکلاییکردنەوەی کێشەی نەوتی هەرێمە”.
محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ گەلی عێراق، بەرنامەی کاری حکومەتەکەی ڕەوانەی پەرلەمانی عیراق کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ کوردو سوننە نەکردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی کارنامەی حکومەتەکەی عەلاوی، ڕایگەیاند”ئەو کارنامەی لە بەردەستی ئێمەدایە، کەخوێندوومانەتەوە و لێی تێگەیشتووین، ئەو کابینەیەی پێکدەهێندرێت بەگشتی لەبەرژەوەندی گەلی عێراق نییە، چونکە لەناو بەرنامەی کاری حکومەتەکە داواکارییەکانی خۆپیساندەرانی عێراق بەدیاریکراوی دیاری نەکراوە، وەک دادگایی کردنی تاوانباران و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، زۆر بەکاڵ و کرجی باسی داواکاری خۆپیشاندەرانی کردووە”.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، هەرکی دەڵێت”ئەو بەرنامەی کارەی ئێستا لە بەردەستی ئێمەیە، زۆر بەداخەوە تەنها لەیەک دێڕدا باسی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەویش پرسی یەکلاییکردنەوەی کێشەی نەوتی هەرێمە، دەڵێت بەپێی دەستور و لێکتێگەیشتن چارەسەری دەکەین، بۆیە ئەو بەرنامەی کارە بە پەسەند نازانین و کۆمەڵێک تێبینی زۆرمان لەسەری هەیە”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختیکردەوە”ئێمە جگە لە کێشەی نەوت کێشەی گەورەترمان هەیە، وەک کێسەی خاک و جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠، کە کێشەی سەرەکیمانە هەروەها کێشەکانی بودجە، پێشمەرگە، ئیستحقاقاتی هەرێمی کوردستان و ئەو مافەدەستورییانەی لەناو دەستور هەیە”.
ناوبراو ئاماژە بەوەدەکات، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کێشەی بوونی قەوارەی ساسی هەرێمی کوردستانە، کە تاکو ئێستا وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە، دەبێت حکومەتەکانی عێراق وەک هەرێمێکی بەهێز مامەڵەی لەگەڵ بکەن، نەک وابیر بکەنەوە کە وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ بکەن.
سەبارەت بە بەشدایکردنی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەی پەرلەمان ناسر هەرکی، گوتی”چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی سەرکردایەتی سیاسی کوردین کە چەند ڕۆژێکە وەفدێکی سەرکردایەتی سیاسی کورد سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ حکومەتی هەرێم، کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، بڕیارە ئەمڕۆش وەفدێکی باڵای هەرێم بچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی لەنزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە، وەک حزبە عێراقییەکان، سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو قسە بکەن، ئەگەر گەیشتنە ڕێککەوتن ئێمە بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق دەکەین ئەگەر نەگەنەیشتنە ڕێککەوتن ئەوکاتە بڕیاری کۆتایی لای وەفدی باڵای هەرێمی کوردستانە”.