شلێر سەعید -هەولێر
بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق رایگەیاند: لە بازگەی نێوان تەقتەق و کەرکوک لیژنەیەکی پزیشکیمان داناوە، هەر کەسێک هاتووچۆ بکات پشکنینی بۆ دەکرێت.
رۆژی رابردوو چوار حاڵەتی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لە شاری کەرکوک تۆمارکرا، بەم هۆیەوە بەڕیوەبەری ناحیەی تەقتەق داوا لە هاوڵاتیان دەکات بۆ کاری پێویست نەبێ روونەکەنە شاری کەرکوک، ناوەڕاست و باشوری عیراق نەکەن.
شارەدێی تەقتەق، سەربەقەزای کۆیە-یە، کەوتۆتە لای راستی زێی بچووک ٩٠کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی هەولێرو ٦٠کیلۆمەتر لە باکوری کەرکوک دوورە.
لە لێدوانێكی تایبەت ، حاكم عومەر ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق بەنوچەی ڕاگەیاند: لە بازگەی نێوان تەقتەق –كەركوك لیژنەی پزیشكیمان داناوە، تا پشکنین بۆ ئەوکەسانە بکەین کە لە کەرکوکەوە دێن.
بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق گوتی: داوا لەهاوڵاتیان دەکەین کە گومانیان لەسەر هەرکەسێک هەبوو ئاگادارمان بکەنەوە، یان ئەوکەسانەی لە رێگەی نافەرمییەوە دێنە ناو تەقتەق ئێمە بەدواداچوون دەکەین، دوێنێ شەو زانیمان دووکەس گەڕاونەتەوە دەست بەجێ رەوانەی نەخۆشخانەمان کردن، ئێستا لە ژێر چاودێریدان. ئەگەر کەسێک خۆی رێکارەکان نەکات، ئێمە بۆ خاتری سەلامەتی خۆی و خێزانیان بەزۆریش بێت دەیانبەینە نەخۆشخانە.
حاکم عومەر داوا لە هاوڵاتیانی تەقتەق دەکات، رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێبکەن و هەرکەس گومانی هەبوونی ئەو پەتایەی هەبوو، با سەردانی نەخۆشخانەی شەهید خالید، لە کۆیە بکات.