ڤایرۆسی کۆڕۆنا چییە؟

0

شلێر سەعید-هەولێر

نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، بەپێی پێناسەکان زیاتر توشی ئاژەڵ دەبێت. بۆ یەکەمجار ئەمساڵ لە شاری(وهان)ی چین سەری هەڵدا. ئێستا بۆتە پەتایەکی جیهانی. لە رێگەی بەریەککەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی لە وڵاتی ئێران، مەترسی گەیشتنی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە. بۆیە دوێنێ حکومەتی هەرێم بڕیاری راگرتنی دەوامی خوێندنی لە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا بۆ ماوەی یەک مانگ دا.

هەروەها بڕیاری راگرتنی سەرجەم فیستڤاڵ و بۆنەو گردبوونەوەی بەهاری دا، بۆ خۆپاراستن لەم پەتایە.

بەپێی دواین ئامار توشبوان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا،( ٣٧٤،٨٠) هەزار  کەس لەهەموو جیهان  تووشبوون ، (٩١٣،٢٧) چارەسەریان بۆکراوەو چاکبوونەوە، (٧٠٧،٢) کەس گیانیان لەدەست داوە.

وەزارەتی تەندروستی، رێنمایی هاوڵاتییان دەکات، کە بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشییە لە شوێنە قەرەباڵخەکان دووربکەونەوە. پاک و خاوێنی بپارێزن و لەکاتی هەستکردن بەنیشانەکانی سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکەن.

نیشانەکانی:

بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، نیشانەکانی پەتای کۆڕۆنا وەکو هەڵامەتی ئاساییە. ئاو هاتن لە لوت و تاگرتن، بەرەبەرە ئەم نیشانانە توندتردەبن، لە کاتی دەرکەوتنی ئەم نەخۆشذییانە پێویستە کەسەکە سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکات.

دکتۆر دەوەن حەوێزی، سەرۆکی سکوڵی پزیشکی زانکۆی کۆیە، دەڵێت: کەسی تووشبوو بەم نەخۆشییە تا ماوەی ١٤رۆژ نیشانەکانی لێ دەرناکەوێ. دواتر لە شێوەی هەڵامەتدا دەبێت و نەخۆشەکە تا دەگرێت. لەم حالەتەدا پێویستە سەردانی بنکەی تەندروستی بکرێت نەک نۆڕینگە.

روونیدەکاتەوە، کە نیشانەکانی ئەم پەتایە وەکو هەڵامەتێكی بەهێزە، كۆکەیەكی وشك و تەنگەنەفەسییە تا دەگاتە ئەوەی نیشانەکان بەقورسی بگری.  

خۆپاراستن:

دکتۆر دەوەن حەوێزی، لە رێگەی نوچەوە زانیارییەکانی دەگەیەنێتە خەڵک و روونیدەکاتەوە، کە ئەم نەخۆشییە لەرێگەی بەریەککەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە. بۆیە بۆ خۆپاراستن دەبێت، خۆمان لە شوێنە قەرەباڵخییەکان بەدووربگرین. هەتا لە نۆڕینگەکانیش قەرەباڵخی و بەریەککەوتنی زۆر دروست نەکەین. پێویستە بۆنەو ئاهەنگەکان دوابخەین، رۆژانە زووزوو دەستەکانمان بە ئاووسابون بشۆین.  

ئامۆژگارییەکانی تری دکتۆر دەوەن ئەوەیە، کە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی نەخۆشخانەکان نەکرێت، ئەمەش یەکەم بۆ خۆپاراستنە، دووەم، بۆئەوەی فشار لەسەر نەخۆشخانەکان دروست نەکرێت. ئەگەر نەشتەرگەرییەک هەبوو زۆر زەرور نەبوو زووبکرێت دەتوانرێت دوابخرێت دوای بخەن باشترە، ئەمانە هەمووی بەشێکن لە خۆپاراستن.

نەخۆشییەکە کوشندەنییە، هاوڵاتی دەتوانێ خۆپارێزی بکات و بەمجۆرە کۆنتڕۆڵ دەبێت. پێویستە ئەوکاتەی کە حکومەت پشووی راگەیاندووە خەڵک لە ماڵەوە بمێنێتەوەو خۆیان لە قەرەباڵخی بەدووربگرن.

كێشەی گەورەی كۆڕۆناچیە؟ 

دكتۆر دەوەن، ئاماژە بەکێشەی گەورەی ئەم نەخۆشییەدەکات، کە ئەوەیە ماوەی دەرکەوتنی لەکەسی توشبوودا زۆرە. رەنگە کەسێک لە گەشتی ئێران یان چین بووبێت، لە فڕۆکەخانەو رێگاش بەریەککەوتنی لەگەڵ خەڵک هەبووبێت، نیشانەکانیشی لێدەرنەکەوتووە، چونکە دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە ماوەی ١٤رۆژی پێویستە. بۆیە دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵەبکرێت.

زانیاری لەسەرچاوەی باوەڕپێکراو وەربگرن:

لەگەڵ دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە وڵاتی ئێران، جۆرەها بابەت و ڤیدیۆ لە سۆشیال میدیا لەسەر ئەم نەخۆشییە بڵابوونەوەتەوە. دکتۆر دەوەن دەڵێت: پێویستە هاوڵاتیان هوشیاربن، زانیاری تەنیا لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو وەربگرن کە بریتییە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی هەرێم و دکتۆرە پسپۆڕەکان.

گوێ بە قسەو باسی سۆشیال میدیا و ڤیدیۆو قسەی بێ بنەما نەدەن. کەناڵە راگەیاندنەکانیش هەست بەبەرپرسیارێتی بکەن و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵک دروست نەکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com