نوچەنێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەکۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا ئەمڕۆ چەند بڕیارێکی گرنگیدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٥-٢-٢٠٢٠، ئەنجومەنی وەزیران بەسەرپەرشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پارێزگارەکان چەند بڕیارێکی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەرکرد.
یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ بووە دەربارەی پلان و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا .
لەم کۆبوونەوەیەدا وەزیری تەندروستی دوکتۆر سامان بەرزنجی، راپۆرتێکی دەربارەی دوایین زانیاری و پێشهاتەکانی ڤایرۆسەکە و کێشە و پێشنیارەکانی چارەسەریی پێشکەشکرد.
بەمەبەستی خۆپاراستن و سەلامەتی هاوڵاتیان ئەنجومەنی وەزیران، ئەم بڕایارنەی دەرکرد:
- رۆژانە زانیاریی دروست و رێنمایی پێویست لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە بە رای گشتی بدرێت.
- لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦-٢-٢٠٢٠، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە وباخچە و پەیمانگا حکومی و تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان تا رۆژی ٢٠٢٠/٣/١٠ بکرێتە پشوو ، سەبارەت بە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و تایبەتەکانیش لە رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٢/٢٩ تا ٢٠٢٠/٣/١٠ پشووی فەرمی دەبێت.
- دواتریش لە ١١ تا ٢٣ /٣/ ٢٠٢٠ پشووی ساڵانەی بەهار دەبێت و لە رۆژی ٢٠٢٠/٣/٢٤ پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکاتەوە. هەردوو وەزارەتیش سەرپشک دەکرێن بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆژانی پشوو لە چوارچێوەی ئەمساڵی خوێندندا.
- بڕیاردرا گەشتی ناپێویست لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان ، یان ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی دیکەی عێراق دێنە هەرێم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سنوردار بکرێت و پشکنینی پێویستیش بۆ هەموو ئەو گەشتیارانە بکرێت کە دێنە ناو سنورەکانی هەرێمی کوردستان .
- بە هیچ شێوەیەک رێگە بە قۆرخکردن و گرانکردنی شتومەک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نادرێت و رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر. چاوپۆشیش لە پشکنینی پزیشکی ئەوانەش ناکرێت کە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.
- حکومەتی هەرێم دڵنیایی دەدات، کە گشت پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابین دەکات وجموجۆڵی بازرگانی بەردەوام دەبێت بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.
- ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد کە پێداویستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکات. پێشنیارەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیش پەسەند کران و هەردوو وەزارەتەکە راسپێردران بۆ جێبەجێکردنیان.
- ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هاووڵاتیان دەکات، کە هاوکاری جێبەجێکردنی پلان و رێنماییەکانی دام ودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بن و رێنماییەکانی خۆپارێزییش لەبەرچاوبگرن و جێبەجێی بکەن.