ئەسعەد مورادی
شرۆڤەکارێکی سیاسی کوردی رۆژهەڵات رایدەگەیەنێت، بەشداری کەمی کۆمەڵانی خەڵک لە دوایین هەڵبژاردنی ئێران، دەرخەری قوڵتر بوونەوەی قەڵش و کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە. دەشڵێت ”هەڵبژاردن بوو بە ریفراندۆمی نا بە کۆماری ئیسلامی”.
رۆژی 21-2-2020، هەڵبژاردنی یازدەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران لە 55 هەزار بنکەی دەنگدان لەو وڵاتە بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی زانیارییەکان رێژەی بەشداری کردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکەدا 25% بۆ 30% بووە، بەڵام وەزیری ناوخۆی ئێڕان دەڵێت 42% بووە، ئەمەش یەکەمین هەڵبژاردنی ئێڕانە لە پاش چل ساڵ دەسەڵاتدارێتی بەوشێوەیە خەڵک سزای حکومەت بدات و یکگرتووانە نا-یان پێ بڵێت.
هەروەها کەمایەتییە ئاینییەکانیش لەکۆی 290 کورسی 5 کورسییان لە پەرلەمانی ئێران دەبێت.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شاهۆ حوسێنی، شرۆڤەکاری سیاسی دۆخی ئێران، لەبارەی بەشداری خەڵک لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: بەشداری کەمی کۆمەڵانی خەڵک دەرخەری قوڵتر بوونەوەی قەڵش و کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە، ئەمەش لەڕاستیدا بەرهەمی زێدە لە چل ساڵ پاوان کردنی دەسەڵات، سەرەڕۆیی، سەرکووتی کۆمەڵانی خەڵک و زەوت کردنی ماف و خواستەکانی کۆمەڵگایە، کە بۆ ئەو خواستانە دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی شۆڕشیان کرد، بەڵام ئاخوندەکان بە کۆدەتا دەستیان بە سەر شۆرشی ئازادیخوازانەی خەڵک داگرت. هەروەها کوشتنی بەربڵاوی خۆپێشاندەران، کە لە مانگی خەزەڵوەر دەستی پێکرد، بە پێکانی فرۆکەی مەدەنی ئوکراینییەکە، لاساری و نابەرپرسیارێتی بەرپرسانی حکومی بۆ هاتن و پەرەی نەخۆشی کۆرۆنا درێژەی پەیدا کرد و بە بایکۆتی بەرفراوانی هەڵبژاردن گەیشتە لووتکە؛ بەوشێوەیە هەڵبژاردن بوو بە ریفراندۆمی نا بە کۆماری ئیسلامی.
شاهۆ حوسێنی دەشڵێت، بێگومان بەربەرەکانی کۆمەڵانی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات، کەوتۆتە ئاستێک، کە ئیتر گەڕانەوەی بۆ نییە، بەجۆرێ لەپاش هەڵبژاردن لانیکەم بۆ دڵخۆش کردنی خەڵک پێویست بوو بەرپرسانی دەسەڵات داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن و بەڵێنی چاک سازی و بەخۆداچوونەوە بدەن، بەڵام ئەوان هێندە پاوانخوازن، کە لانیکەم بە ڕواڵەتیش ئەو کارەیان نەکرد و هیچ گرینگییەکیان بەو پەیامە بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵک نەدا. دیارە ئەمەش بە مانای دژایەتی خواست و ویستەکانی کۆمەڵگایە و بەو شێوەیە ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵات، بێگومان ڕادیکاڵتر دەبێتەوە و بەرەو ئاراستەی تووندتر دەڕوات.
سەبارەت بەوەی، کە ئایا لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەرییان لەسەر بایکۆتکردنەکە هەبووە یان خەڵک بۆخۆی دەستپێشخەرە، حوسێنی گوتی ”بە باوەڕی من دەوری کۆمەڵانی خەڵک لەناوخۆ و دەرەوە دەورێکی تەواوکەر بوو، واتە ئەمجارە قوڵتر بوونەوەی قەڵشی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا لەتەنیشت بانگەوازی یەکپارچەی لایەنە سیاسییەکان، بەستێنێکی لەباری خوڵقاند بۆ یەکگرتوو بوونی کۆمەڵانی خەڵک لەناوخۆ.