وەزارەتی تەندروستی: تا ئێستا ئەم پشکنینە بەردەست نییە

0

شلێر سەعید- هەولێر 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند،  دوو جۆر پشكنین بۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا  هەیە، كە لە سنورەكان كاری پێدەكرێت. یەكیان نیشانەكانی دەردەخات وبۆ پێوەری پلەی گەرمی بەكاردێت، هەروەها پشكنینی تاقیگەیی تا ئێستا بەردەست نییەو بەهاوكاری لەگەڵ حكومەتی عێراقی دابینی دەكەین.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەکو  پلان چەند شوێنێکی تایبەت ئامادەکراوە، ئەگەر بێت و خوانەخواستە حاڵەتێک هەبێت، لەو شوێنانە دەخرێنە ژێر چاودرێری چڕی تەندروستی، لە کاتی زۆربوونی حاڵەتەکەش پلان دانراوە.

وەزیری تەندروستی جەختیکردەوە، کە” خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ کەسێک تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە، ئەگەر هاتوو گومانلێکراوێک هەبێت، ئێمە بەدواداچوون دەکەین. ئەگەر دەرکەوت تووشبووە ئەوکات وەزارەتی تەندروستی بە فەرمی رایدەگەیێنێت”.

سامان بەرزنجی، دەڵێت: ئێستا لە هەرێمی کوردستان ١٣ شوێن لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە کەرەنتین دانراوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە، ئەمانە بۆ ماوەی ١٤ رۆژ لەژێر چاودێریدا دەبن، لە هەموو دونیاش ئەو رێوشوێنە پێویستانە دەگیرێنەبەر، چونکە لەو قۆناخەدا دۆزینەوە و جیاکردنەوەی گومانلێکراو زۆر گرنگترە لەوەی بێتە نێو کۆمەڵگا”.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە گەڕاونەتەوە، وەزیری تەندروستی گوتی: تا ئێستا  ( ١٢٤٩)گەشتیار لە وڵاتی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە و سەرجەمیان لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

هاوکات داوادەكات، دامودەزگاکانی دیکەی پەیوەندیدار لە خاڵە سنورییەکان هاوکاریان بن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

محمد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە كۆبونەوەكانیان دەربارەی ڤایرۆسی كڕۆنا بەنوچەی ڕاگەیاند: ئێمە هەنگاوی باشمان ناوە و هەماهەنگیمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدارباشە، لە ئێستادا لە ئەگەری بوونی هەرحاڵەتێكی نەخوازراو چۆن ڕێكارەكان بگرینە بەر و لەسەرجەم شارەكان شوێنی تایبەت بۆهەر گومان لێكراوێك یان توشبوان  ئامادەكراوە.

  سەبارەت بە هاتنی ئامێری پشكنین، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: دوو جۆرپشكنین هەیە ، پشكنینی سەرتاییمان هەیە بۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا  كە لە سنورەكان كاری پێدەكرێت ئەوە تەواو تەشخیسی نەخۆشیەكە ناكات بەڵام نیشانەكانی دەردەخات وبۆ پێوەری پلەی گەرمی بەكاردێت، پشكنینی تاقیگەیی تا ئێستا بەردەست نییە، بەهاوكاری   لەگەڵ حكومەتی عێراقی دابینی دەكەین و بۆ ئەوكەسانەی گومانی لەسەرە بەكاری دەهێنین تا دڵنیابینەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com