شليَر سەعید-هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە( ٢٤-٢-٢٠٢٠) وەزارەتی تەندروستی کوەیت، تووشبونی سێ کەسی لە وڵاتەکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاند، ئەو سێ کەسە لە شاری مەشهەدی ئێران گەراونەتەوە کوەیت و لە فڕۆکەخانە دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەکەن، بۆیە خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.
لەبەر ئەم هۆکارە دەسەڵاتدارانی عێراق، بڕیاری داخستنی دەروازەی (سەفوان)دا. پێشتر دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکردووە کە شانەی قەیرانەکان تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەنجوومەنی وەزیران، ماوەی قەدەغەکردنی هاتنی ئێرانییەکان بۆ عێراق بۆ ١٥ رۆژی دیکە درێژکردووەتەوە.
دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق رایگەیاند: لەچوارچێوەی گرتنبەری رێوشوێنەکان بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەکردنی هاتنی ئێرانییەکان بۆ ١٥ رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.