شلێر سەعید: هەولێر
ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و گشت سەرۆکەکانی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، کۆدەبنەوە تا هەموو ئەوشتانە بخەینەڕوو، کە لە بەغدا لەگەڵ سوننە و شیعەکان دانوستانمان لەسەر کرد و دوا بڕیاریش لای سەرکردەی سیاسی هەرێمی کوردستانە.
دوێنێ، شەوی یەكشەممە، شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گەڕایەوە، ئەمەش دوای گەشتێكی چەند ڕۆژە بۆ دانوستاندنی پێكهێنانی حكومەتی كاتی عێراق و كۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو.
لە لێدوانێکی تایبەت زیا پەترۆس سڵێوە، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، كە ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بوو، دەربارەی دەرەنجامی گەشتەکەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بە نوچەی ڕایگەیاند: شاندی هەرێمی کوردستان دووجار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردارو دانیشتینی کردوە، جاری یەکەم توزێک بەلامانەوە سەیربوو نازانم ئەم پیاوە بەچ شێوەک دەیەوێ حکومەتەکەی دروست بکات، نەک هەر لای ئێمە نامۆ بوو بەلای قەوارەکانی دیکەی بەغداش سەیر بوو، کارەکانی لەبری پێکهێنای حکومەت زۆر ناڕێک بوو و جی نیگەرانییە و لەو ڕێگایەی ئەو گرتوویەتەبەر.
زیا پەترۆس گوتیشی، ئەوەی ئێمە مەبەستمان بوو وەک هەرێمی کوردستان، دەبێ مامەڵەیەکی دەستوریمان لەگەڵ بکرێ، چونکە هەرێمی کوردستان بەدەستور ڕێکخراوە و نابێ وەک حزبێک یان لایەنێکی سیاسی یان پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئیتر پێکەوە دادنیشتین و دەرگای گفتوگۆکان دانەخراون.
زیا پەترۆس ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە دانیشتنی دووەم عەلاوی توزێک ئاگای لەخۆی بووە و هەندێک ئەرێنی بووە بە بەراورد لەگەڵ جاری پێشوو. گوتیشی ”تا ئێستا هیچ بەڵێنێک لە ئارادا نییە لە نێوان وەفدی هەرێم و عەلاوی”.
ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی دوێنێ شەو گەڕانەوە هەولێر بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و گشت سەرۆکەکانی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە تا هەموو ئەوشتانە بخەینەڕوو، کە لەبەغدا لەگەڵ سوننەکان و شیعەکان دانوستانمان لەسەر کرد و وتومانە، دوا بڕیایش لای سەرکردەی سیاسی هەرێمی کوردستانە.