وزیری تەندروستی و لیژنەی تەندروستی پەرلمان کودەبنەوە

0

شلێر سەعید ـ هەولێر 

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەیەنێت، کێشەکانی تەندروستی یەکجار زۆرن و دەبێ حکومەت ڕێگەچارەی بۆ بدۆزێتەوە.

لەکاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشە لەهەموو جیهان دەکات و لە ئێستا دا نزیکترین درواسێی هەرێم، کە لە وڵاتی ئێرانە، نەخۆشی کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، مەترسی زۆری هەیە بگاتە عێراق و هەرێمی کوردستانیش. سەرەڕای ئەوەی نەخۆشخانەکانی هەرێم لە ئامادەباشیدان، بەڵام هاوڵاتیان هەر ترسیان هەیە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، موسلیم عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ڕوبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کێشە تەندروستییەکان و خراپی کوالیتی دەرمان ڕایگەیاند: بێگومان وەک لیژنەکمان (تەندروستی و مافی بەکاربەر) بەوردی قسەمان لەسەر نەخۆشی کۆڕۆنا کردووە و درکمان بەوە کردوە، کە ئەو ڤایرۆسە زۆر مەترسیدارە، بەتایبەت لە ئێستا لەوڵاتە دراوسێکانمان هەیە.

موسلیم عەبدوڵڵا گوتیشی، بڕیارە ئەمڕۆ (دووشەممە ٢٤-٢-٢٠٢٠)، وەزیری تەندروستی میوانی لیژنەکەمان بێت و کۆببینەوە بۆتاوتوێ کردن و پرسی هەنوکەیی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چون خۆ ئامادەکردن  بۆ رووبەڕووبوونەوەی.

موسلیم گوتیشی، ئامانجی کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی، کۆمەڵێک پرسیارمان هەیە لە وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و پاراستنی سنورەکان و ڕێکارەکان چین لەم بوارەدا. هەروەها قسە کردن لەسەر بەدواداچون لە خاڵە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان و چاودێری کردنیان و بازاڕو فروشتنی کەل و پەلی تەندروستی و چاودێری کردنی ڕەوشی نەخۆشخانەکان و ئامادەسازی بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، کە بێتە پێشەوە.

سەبارەت بە کێشە تەندروستیەکان و خراپی کوالیتی دەرمان، موسلیم عەبدوڵڵا دەڵێت ”بێگومان کەرتی تەندروستی کێشەی زۆری تێدایە وەک لە کارنامە و ئەجێندای کابینەی نوێی حکومەت لەم خولەدا بتواندرێت چاکسازی بکرێت و کەرتی تەندروستی ڕێکبخرێتەوە، وەک دزانین یەک لە کێشە گەورەکانی تەندروستی هاوردەکردنی دەرمانە، کە زیاتر لە ۲٦۰ کۆمپانیامان هەن دەرمان هاوردە دەکەن ئەوەش لە ڕێژەی ستاندەر زور زیاترە بۆ هەرێمی کوردستان”. گوتیشی، کێشەیەکی دیکە هاوردەکردنی دەرمان بە ڕێگەی نایاسایی ( قاچاغ)مان هەیە، لە خاڵە سنورییەکان ئەوەش لە دەرەوەی دەسەڵاتی کوالیتی کۆنتڕۆڵە، چونکە ئەو دەرمانانە بەشێوەیەکی نایاسایی دەهێرێنە کوردستان، لەبەشێک لە شارو شاروچکەکان ساغ دەکرێنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com