نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دەوامی قوتابخانەکان هیچ مەترسییەکی لەسەرنییە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم. بەهۆی بڵاوبونەوەی مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید ١٩)، لە سۆشیاڵ میدیا و خەڵکەوە داواكاریەكی زۆر بۆ راگرتنی دەوامی قوتابخانەکانی هەرێمی كوردستان هەیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگاکانی هەرێم بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕایگەیاند”وەک وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، لە ئامادەباشی تەواوداین لە ڕووی ئامادەکردنی نەخۆشخانە، ئەگەر زانیشمان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەوامی قوتابخانەکان ڕێگری دەکات لە ڕێگەگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، یان ئەگەر زانیمان ڤایرۆسەکە بڵاوبووەوەتەوە و حاڵەت تۆمارکرا و قوتابخانە شوێنێکی خراپە بۆ ئەو ڤایرۆسە، بێگومان ئێمە نوسراوی فەرمی خۆمان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی دەکەین”.
محەمەد قادر دەڵێت”تائێستا ئێمە وای دەبینین، دەوامی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، هیچ مەترسییەکی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە، هەرکاتێکیش هەستمان بەوەکرد، ئێمە بەپەلە نوسراوی خۆمان دەکەین”.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژە بەوەشدەکات، کە ئێمە پێشتر لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتەکانی دیکە دانیشتووین و بەشێوەیەکی گشتی ئاگادارمان کردوونەتەوە، کە ئەگەر هاتوو پێویست بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر، بەڵام بەشێوەیەکی تایبەتی باسی ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەکانمان نەکردووە.