شلێر سەعید – هەولێر
زیاردکردنی باج و رسومات، بارگرانی بۆ خەڵك دروستکردووە، ئابوریناسێک دەڵێت: ئەم دۆخە هەڵاوسانی دروستکردووە و دەبوایە لەم دۆخەدا پەرلەمان بڕیاربدات.
زیادکردنی باج و رسومات بووەتە جێی گلەیی خەڵک و ئابوریناسان دەڵێن: بارگرانی زیاتری بۆ خەڵك دروستکردووە. پەرلەمانتارێک دەڵێت، بەمزوانە لەسەر ئەوە کۆدەبینەوە.
(هاوڕێ كڵێسەیی) لە پێشانگای کڕین و فروشتنی ئۆتۆمبێل کاردەکات. ئەو دەڵێت، زیادکردنی باج و روسومات کێشەی بۆئێمە زۆر زیاتر دروستکردووە چونکە”زیادكرنی رسومات بەگشتی گەرزیانی هەبێ، بۆ ئێمە زیاترە چونكە لەكاتی مامەڵەكردنی ئۆتۆمبێل كێشەی زۆرمان بۆدروست دەكات، هەر ئۆتۆمبێلێك ساڵانەی بەسەر چوبێت بازاڕی دەشكێت، بەهۆی ئەوەی نوێی بكەیتەوە دەبێ سزا بدەی كە بڕی پارەكەش یەكجار زۆرە بۆ پیكاب بڕی(٧٠٠هەزار) و قەمەرە (٣٠٠هەزار) تێچوی رسوماتەكەیەتی ، خەڵكیش ناتوانێ ئەو بڕە پارە زۆرە بدات.
عەبدوالستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان ، لە گفتوگۆیەکی نوچەدا گوتی” تا ئێستا هیچمان لە حکومەت نەدیوە بەرچاو بێت لە ژیانی خەڵك لە موچە و خانەنشینی لە مافی سەرەتایی هەلی كار دامەزراندن ، ئەوەی بینیومانە کە كراوە باج و ڕوسوماتی زۆر خراوە تە سەر خەڵك. وەك رسوماتی هاتوچۆ ستاندنی پارە لە خەڵك بۆ خۆڵ و خاشاك وتا عەریزە نوسیش گران بووە، بەبەڵگەوە ببینە باج لە سەر خاڵی سنوریەكان چەند زیادی كردووە بۆتە هۆی ئەوەی خەڵك بە قاچاغ شت بێنن و باج نەدات، بە واستە لە سنورشت ئاو دیو دەبێت بەبار هێلكە دێت و بێ ئەوەی باج بدات لەكاتێكدا خۆی هەر قەدەغەیە بێت، تا بەرهەمی خۆماڵی گرنگی پێ بدرێت، ئەوەی لە سنورەكان هەیە كارەساتەو دۆخێکە گەندەڵی زیاد كردوە”.
کارمەندو بەرپرسانی هاتووچۆ، لەگەڵ بەشێک لەم گلەییانەی کە خەڵك دەیکات هاوڕان.عهقیدی ماف زاهیر محهمهد، بهڕێوهبهری هاتوچۆی كۆیه دەربارەی باج و رسومات بەنوچەی گوت: من لەسەرەتای زیادبونی غەرامەو رسومات بۆچونم هەبووە. پێموایە “رسومات بارگرانییەكی زۆری بۆسەر خەڵك هەیە” بەڵام ئەگەر غەرامە زیادیش بكرێت ئاساییە، چونكە غەرامە خەڵك بەدەست خۆیەتی دەتوانی سەرپێچی نەكات تا غەرامە نەدات، بەڵام سەبارەت بە رسومات من كە ماوەی پێنج ساڵ ئۆتۆمبێلێكم بەناوە كاتێك كە دەچم سەنەوی نوێ دەكەمەوە هیچ معقول نییە رسوماتم لەسەر زیادبکرێت ، جاران گەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەت (٥٥هەزار) هەزار ساڵانەی بۆ نوێ دەكرایەوە ئێستا دوو هێندەیە، بۆیە زیاد كردنی رسومات شتێكی خراپە” .
بەرای ئابوریناسان، زیادکردنی باج و رسومات کارێکە دەبێ لە رێگەی پەرلەمانەوە بکرێت، تا گفتوگۆی لەسە بکرێ، چونکە ئەم کارە هەڵاوسانی زۆری دروستکردووە.
ئەیوب سماقەیی، سەرۆکی لقی ئابوری ناسان دەربارەی زیادکردنی باج و رسومات ڕایگەیاند: زیادکردنی هەر باج و رسوماێک بۆ کاڵاو شتومەک و خزمەتگوزاریەگشتییەکان دەبێ پەلەمان بڕیاری لەسەربدات چونکە زیادکرنی پارە یان کەمکردنی داهات لەدەسەڵاتی حکومەت نییە و لەدەسەڵاتی پەرلەمانە بەپێی یاسا بڕیاری لەسەربدات. بۆیە ئەوەی هەیە کارێکی زۆر زۆر خراپە، چونکە هەڵئاوسانی دروست دروستکردوە. زیادکردنی یەک دینار لەداهات جا باجە رسوماتە یان مۆڵەتە یان سزایە هەمووی دەبێ پەرلەمان ڕێگەی پێبدات و پەسەندی بکات. بۆیە ئەوەی لەوهەرێمە دەکرێت لە ساڵی ۲۰۱٤ وە تا ئێستا نا یاساییە”.
کاسبکارێک کە مارکێتی هەیە لەشاری هەولێر سەبارەت بەزخیادکردنی باج و رسومات دەڵێت” ئەگەر رسومات نەبێت خۆمان شت بەرهەم دەهێنین، ئەوكات نرخی كاڵاكانیش نزم دەبێتەوەو سودی بۆ خەڵك و بۆ ئێمەش دەبێت”.
بڕیار ئەحمەد، دەیەوێت لە ڕێگەی سایتی نوچەوە، پەیامێک بۆ حكومەت نێرێت و گوتی” کارەکانمان زۆر قورسن دەکرا ئاسانکاری لەلایەن حکومەت بکرێت، من چوار بەرپرسیارێتیم لەسەر شانە یەک ڕازیکردنی مشتەری، دوو کارمەند موچەی باشی دەوێ، سێیەم کومپانیا پارەی نەقدی دەوێت، چوارەم خاوەن موڵک پارەی دەوێ” .
خاوەن مارکێتەکە ئەم کێشەیە بەکێشەی هەموو مارکێتەکان دەخاتەروو”ئەگەر حکومەت کار ئاسانی بکات بۆ بازرگان و خاوە سوپەرمارکێتەکان و بە موساتەحە زەویان بداتێ و ئەم هەمو رسوماتە لا ببات، ئەوە خۆمان کەلوپەل بەرهەم دەهێنین پێویست ناکا لە دەرەوە شت هاوربەکەین، بەڵام من گەر بمەوێ کارگەیەک دامەزرێنم چەند بۆواژۆیەکە مانگ دەم هێنن و دەم بەن. جگە لەوەی ئێمە دەبێ هەموو شتێک لەدەرەوە بێنین. ئەگەر وانەبێت نرخەکان زۆر کەمتر دەبێ لەوەی کە ێستا هەیە، ئەگەر کرێی شوێن نەدەم و ئەرکی هاوردەکردنم لەسەر نامێنی”.
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنهی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان بەنوچەی ڕاگەیاند: زیادكردنی باج لە ڕوی یاساییەوە تەواوە، بەڵام بۆ بارودۆخێكی وەك ئێستا بۆخەڵك ئەستەمە، ئەو یاسایانەی هەن زۆرن لەوانەی یاسای باج و دەرامەت یاسای ٢٤ و ٢٥ ،٢٦ی ساڵی ٢٠٠٧ لە هەرێمی كوردستان دەرچوو، هەروەها یاسای باجی دەرامەتی ژمارە ١١٣ كە لەساڵی ١٩٨٢ هەمواركراوەتەوە ویاسای باجی خانوبەرەی ژمارە ١٦٢ لە ساڵی ١٩٥٩ هەمواركراوەتەوەو رێنماییەکان بە پێی ئەو یاسایانە دەردەچێت .
بەرای ئەو پەرلەمانتارە، زۆربونی باج و رسومات بۆتە جێی ناڕەزایی خەڵك. بۆ ئەم مەبەستە ئێمە كۆبونەوەمان كردوە تا بەڕێوبەری گشتی باج ودەرامەت بانگ بكەین و ڕوونكردنەوەمان بداتێ چۆن باج زیاد كراوە، بڕیارە لەهەفتەی داهاتو ڕۆژی دووشەممە بۆ ئەم مەبەستە کۆببینەوە.