نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم لایەنەسیاسییەکانی عێراق بەدوای چارەسەرێکی مامناوەندا دەگەڕێن.
هەوڵەکانی محەمەد تۆفیق عەلاوی، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی بەردەوامە و سورە لەسەر ئەوەی حکومەتێکی بێلایەن، کە وەزیرەکانی لە کەسانی سەربەخۆبن پێکبهێنێت، ئەمڕۆش شاندی باڵای لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە سوننە و شیعەكانی عیراق كۆدەبنەوە و بڕیارە لەسەر ئالیەتێك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عەللاوی ڕێكبكەون.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان میرزا، پەڕلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە پێداگری سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بێلایەن، ڕایگەیاند”تا ئێستا لایەنەسیاسییەکانی عێراق لە گفتوگۆی بەردەوامدان، ڕەنگە جۆرێک لە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن بێتە ئاراوە، بەو پێیەی کە لایەنەکانیش دەیانەوێت کابینەی نوێی حکومەتی عێراق متمانە بەدەستبهێنێت و دەنگی پێبدەن، پێدەچێت کە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، محەمەد تۆفیق عەلاوی، جۆرێک لەنەرمی بنوێنێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی هەروەها گوتی”هەموولایەنەکان بەدوای چارەسەرێکی مامناوەندا دەگەڕێن، لەم چەند ڕۆژەدا گفتوگۆی بەردەوام هەیە و لایەنەکان کۆدەبنەوە، هەروەها لەگەڵ عەلاویش کۆدەبنەوە، پێشبینی دەکرێت بگەنە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن”.
شێروان میرزا، ڕاشیگەیاند”کورد بەشدارە لە کۆبوونەوەکان، ئەمڕۆش وەفدی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی، کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، بڕیاریشە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بەیەکەوە لەگەڵی کۆبنەوە”.
لایەنە کوردییەکان لەگەڵ عەلاوی کۆدەبنەوە
0
Share.