نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی جڤاتی گشتی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر سیاسەتەکانی ئەوان بە سودی میللەتی کورد و ئێمە بێت ئامادەین مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.
ڕۆژی سێشەممە ١٨-٢-٢٠٢٠، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەکۆی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەی پەسەندکرد و دوو هاوسەرۆکی بۆ یەکێتی هەڵبژارد، کە ئەوانیش بریتی بوون لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، جەعفەر خەیات، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بەهەڵبژاردنی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی، ڕایگەیاند”سیاسەتی یەکێتی یەک کەس و دوو کەس دایناڕێژێت، بەڵکو سەرکردایەتی حزبەکە بەگشتی دادەڕێژێت، ئەو دووکەسەی کە ئێستا بوونەتە هاوسەرۆکی یەکێتی، ئێمە پیرۆزباییان لێدەکەین و بەلای ئێمەوە ئەوە کێشە نییە، کە کێ دەبێتە هاوسەرۆکی یەکێتی یان کەسی یەکەم، گرنگ ئەوەیە سیاسەتی حزبەکە بەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان چۆن دەبێت”.
سەبارەت بە مامەڵەی گۆڕان لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، ئەندامەکەی جڤاتی گشتی گۆڕان، دەڵێت”ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسی یەکەمی ناو حزبەکان دەکەین، لە ڕابردوشدا کۆمەڵێک خەڵکی دیکە لە ناو یەکێتی کەسی یەکەم بوون، بەڵام ئێستا دووکەسی دیکە بوونەتە هاوسەرۆکی یەکێتی، ئەگەر سیاسەتەکانی ئەوان بە سوودی میللەتی کورد و ئێمە بێت ئامادەین مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین”.
جەعفەر خەیات، گوتیشی”ئێمە لەیەک جوگرافیا دەژین و پێگەی هەردووکیشمان لەسلێمانی زیاترە، بۆیە پێمانوایە تەبایی نێوان یەکێتی گۆڕان کارێکی باشە، وەک بزووتنەوەی گۆڕان هەرگیز دەستی گفتوگۆ و تەبایی ڕەتناکەینەوە، بۆیە ئەگەر یەکێتی مەبەستیان بێت لەگەڵ ئێمە تەبایی بکەن و هەوڵی لێکنزیک بوونەوە بدەن، هەمووکاتێک دەستمان درێژە”.
ئایا پێشبینی دەکەن گۆڕانکاری لە هەڵوێستەکانی یەکێتی بەرامبەر گۆڕان بکرێت؟ جەعفەر خەیات دەڵێت “دۆخی ئێستا جیاوازە لە دۆخی چەند ساڵێک پێش ئێستا و دۆخی کورد و ناوچەکەش بەگشتی باش نییەو دۆخەکە ئاڵۆزە، بۆیە پێمانوایە ئەوانیش موراعاتی ئەوەدەکەن، کە دەبێت هەموولایەکمان پێکەوە هەوڵبدەین ئاشتەوایی لەهەرێمی کوردستان بپارێزین”.