نوچە
دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێرشێکی چەکداری کرایە سەر گوندی چەخماخە لە سنووری قەزای دووبز و بەهۆیەوە چوار کەس شەهیدبوون و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تووندی ئیدانەی هێرشەکە دەکات و رایدەگەیەنێت، “پێویستە هەنگاوی جیدی و پێویست بنرێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی ئەمنی و سەربازیی عێراق”.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت “ئێمە لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری شەھید و قوربانییەکان دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. تەئکید دەکەینەوە پێویستە هەرچی زووە کاری جیدی بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەھۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دروستبووە و بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە “پێویستە حکومەتی فیدرال بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکە جێبەجێبکات کە بەهۆی ناکارایی ئیدارەی پارێزگاکە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە رەنگی دانیشتووانیدا دروستبووە”.
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی:
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان دەکات بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بەقەزای دووبز لە پارێزگای کەرکوک. کە بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی سیڤڵ شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.
ئێمە لە کاتێکدا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری شەھید و قوربانییەکان دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. تەئکید دەکەینەوە پێویستە هەرچی زووە کاری جددی بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەھۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دروست بووە و بووەتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان.
پێویستە حکومەتی فیدرال بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکە جێبەجێبکات کە بەهۆی ناکارایی ئیدارەی پارێزگاکە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە رەنگی دانیشتوانییدا دروست بووە.
پێویستە هەنگاوی جددی و پێویست بنرێت بۆ رێکەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عێراق.
ھێزی پێشمەرگە لە نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ، بەکردەوە و بە خوێن خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی لەھەموو نەتەوەکان پاراستووە، ئێستاش دەتوانێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ ھێزە ئیتحادییەکان ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بکاتەوە تاوەکو بەھەموو لایەک رێ لە پشێوی ئەمنی و تەرھیب و تەعریب بگیرێت.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی ھەروەھا نوێنەرانی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و تێکڕای نوێنەرانی کەرکووک لە ھەموو ئاراستە و پێکھاتەکان کە بەدەنگ و متمانەی خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان ھەڵبژێرداون ھان دەدا و رایان دەسپێرێ ھەموو توانای خۆیان لە پێناوی گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بخەنەگەڕ و بیکەنە ئەولەویەتی کارەکانیان کە ئێمە لەو ھیمەتەیان دڵیاین و لە پاڵپشتی گەرم و دەستووبردی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، لە ھەموو ئاستەکان، دڵنیایان دەكەینەوە .
ھەماھەنگی حکومەتی ئیتحادی کە ئێستا زیاتر سەرقاڵی دۆخی بەغدایە، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان باشترین چارەسەرە بۆ رێگەگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان.
نەمری بۆ شەھیدانی چەخماخە و گشت شەھیدانی دەستی تیرۆر و تەندروستی باش بۆ بریندارەکان و سەربەرزی بۆ خەڵکی خۆراگری چەخماخە
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2020-2-19