پەرلەمانی كوردستان وەڵامی مالیكی دەداتەوە
نوچە: هەولێر
لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا، پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی نوری مالیكی دەداتەوە و وتەكانی بە هەوڵی نەزۆك بۆ شاردنەوەی شكستەكانی ناو دەبات.
دەقی راگەیاندراوەكە
راگەندراوێكی رۆژنامەوانی لە بەرێوبەرایەتی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان
لەبارەی لێدوانەكەی سەرۆك وەزیری عیراق
ئەمرۆ 9/7/2014 لە وتارە هەفتانەكەی سەرۆك وەزیرانی كاربەریكەری عراقی فیدرال بەرێز نوری مالكی هەرەشەی نارەوا لە هەرێمی كوردستان كرد و تۆمەتێكی بێ بنەمای خستە پاڵیەوە، دەیەوێت هەموو شكستەكانی خۆی لەم چەند سالەی رابردودا لەو جۆرە هەرەشە و تۆمەتە بێبنەمایانە دابشارێتەوە ,
پەرلەمانی كوردستان بەناوی گەلی كوردستانەوە ئەو هەرەشانە شەرمەزار دەكات و ئەو هەموو تۆمەتانەش رەت دەكاتەوە، بەهەولیكی نەزۆكی بەریز مالكی دەزانین بۆ داپۆشینی شكستە سیاسی وجەماوەری وسەبازیەكەی دووچاری بۆتەوە.
گەلانی عێراق و هێزە سیاسیە تێكۆشەرەكانی لە هەموو پێكهاتەكان ئەو راستیە دەزانن كە هەرێمی كوردستان بە درێژایی مێژووی بەرەنگاربونەوەیان لە گەڵ رژێمی دیكتاتۆری پێشوو، داڵدەو پەناگا بووە بۆ تەواوی لێقەوماوان و ئازادیخوزانی عیراق و ئەوانەی كە نادادپەروەری و زوڵم و زۆر ناچاری كردون زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.
ئێستاش كە زیاتر لە نیو ملیۆن هاولاتی شارەكانی موصل وبەغدا وناوەراست و باشووری عیراق بە هۆی نەبوونی ئارامی ودادپەروەری، ونەبوونی یەكسانی وئەو جەنگەی لە هەرێمەكەیاندا دەگوزەرێت روویان لەهەریمی كوردستان كردووە، گەلی كورد بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێ بە هانای لێقەوماوانەوە بێچێت و پەناگایەكی ئارامیان بۆ فەراهەم بكات، سەرەرای ئەوەی مالكی بەبرینی موچەو بەشە بودجەی هەرێم، گەمارۆی ئابووری خستوتە سەر حكومەت و گەلی كوردستان.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە جیاتی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و پێشكەش كردنی هاوكاری مادی و مەعنەوی بۆ ئەو لێقوماوانە، بەتیرۆریست تۆمەتباریان دەكات، ئەوە لە كاتێكدایە پێشمەرگەكانی كوردستان گیانفیدایانە بۆ پاراستنی ئەمن وئاسایشی هەرێم وناوچە كوردستانیەكان بەگشتی ودابینكردنی كەشیكی ئارام بۆ لیقەماوانی عیراق لەهەریم لە بەرەكانی جەنگدا بونەتە بەربەست لە بەردەم پێشرەوی تیرۆریستان.
پەرلەمانی كوردستان ویرای ئەوەی بەتوندی زمانی هەرەشە رەتدەكاتەوە پیمان وایە ئەو جۆرە زمانە و بیركرنەوانەی بەریز مالكی وبەردەوامبوونی لەسەر پێشێلكردنی دەستووری هەمیشەیی وایكرد، گەلانی عیراق ویەكپارچەیی خاكەكەی بكەویتە بەردەم هەرەشەی لەیەكترازان. دووپاتیش دەكەینەوە كیشەكانی عیراق بەبەكارهینانی هیز و زمانی هەرەشە چارەسەرناكرین وپیویستە كیشەكان لەریی گەرانەوە بۆ دەستوورو زمانی دیالۆگ ولێكتێگەیشتن ورێزگرتن لەئیرادە وخواستی پیكهاتەكانی عیراق یەكلایی بكرێنەوە.
بەرێوبەرایەتی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان
9-7-2014