نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕەتکردنەوەی عەللاوی مانای ئەوە نییە هەموو خۆپیشاندەرانی عێراق ڕەتیانکردبێتەوە، چونکە ئێستا دابەشبوون بەسەر سێ گروپدا.
بۆماوەی زیاتر لە چوار مانگ دەبێت خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامی هەیە. تائێستا بەسەدان کەس کوژراون و بەهەزارانی دیکەش برینداربوون، بەڵام خۆپیشاندانەکان هەر بەردەوامن، داواکاری خۆپیشاندەرانی عێراق ئەوەیە کەسێکی سەبەخۆ ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتەکەشی لە کەسانی سەربەخۆ پێکبهێنێت، محەمەد تۆقیق عەلاوی، کە لەئێستادا بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق راسپێردراوە،لە لایەن بەشێک لە خۆپیشاندەرانەوە ڕەتکراوەتەوە و پیشبینی دەکرێت بەم نزیکانە کابینەکەی ڕابگەیەنێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراق، ڕایگەیاند”خۆپیشاندەرانی عێراق ئێستا بەسەر سێ بەرەی جیاوازدا دابەشبوون، جۆری یەکەمیان خەڵکی فەقیر و هەژار و دەرچووی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکانن، جۆری دووەمیان ئەوانەن کە پیش دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی ئۆپۆزۆسیۆن بوونە وەک لایەنگرانی عەمار حەکیم، حەیدەر عەبادی و مالیکی”.
سەبارەت بە جۆری سێیەمیان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، دەڵێت”ئەم جۆرەیان ئەو کەسانە بوون کە لە ڕیزی هێزە میلیشیاکانی عێراقدابوونەو بۆ مەبەستی کاری سیخوڕی خۆیان خزاندبووە ناو خۆپیشاندەرەکانەوە، بۆئەوەی بزانن کێ سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکان دەکات و لەو کوێوە ئاراستە دەکرێن”.
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەدەکات، کە زۆربەی کوشتنەکان، لێدان و سوکایەتیکردنی خۆپیشاندەران لەڕێگەی جۆری سێیەمەوە ئەنجامدراون و دەڵێت”لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسەوە، موقتەدا سەدر، جێگەی ئەوانی گرتووەتەوە لە ناو خۆپیشاندەرەکاندا، بۆیە ئەگەر ئێستا لە ناو خۆپیشاندەرانی عێراقەوە، عەللاوی ڕەتبکرێتەوە، مانای ئەوە نییە کەهەموو خۆپیشاندەران ڕەتیانکردبێتەوە، چونکە لەوانەی یەکێک لەو گروپانە بن ڕەتیبکەنەوە”.