شلێر سەعید -هەولێر
پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دەڵێت: فراكسیۆنە كوردییەكان قبوڵناكەن محمد تۆفیق عەلاوی بڕیاربدات لەو پۆستانە بدات کە پشکی کوردن ، چونكە هەرێمی كوردستان هەرێمە نەك پارێزگایەك، یۆیە بەهەمو شێوەك پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە لەلایەن عەلاوییەوە رەتدەکرێتەوە.
محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، تەنها ١٥ ڕۆژی ماوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەكەی و بڕیارە لەم ڕۆژانەدا ناوی ئەندامانی کابینە وەزارییەکەی ئاشکرا بکات.
لە لێدوانێكی تایبەت بەنوچە، شێروان جەمال لە فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەربارەی ئەركی فراكسیۆنە كوردییەكان و كابینە نوێیەكەی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند: پەیامی فراكسیۆنە كوردییەكان دیارە یەك دەنگین وەك لە كۆبونەوەشمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕامانگەیاند: فراكسیۆنە كوردەكان یەك هەڵوێست دەبین لە بەغدا بەرامبەر بە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەو پەرلەمانتارە هەروەها دەڵێت: داواكارییەكانمان جێگیرن وەك بودجەی هەرێكمی كوردستان و مافە دەستورییەكان و ناوچە دابڕێنراوەكان مادەی (١٤٠) کە نابێ گۆڕانکاری تێدابكرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو كە سەردانەكەی ئەمڕۆی محەمەد حەلبوسی بۆ هەرێمی كوردستان، تایبەت دەبێت بە پرسی پشكی وەزارەتەكان و پێدەچێت سوننە لەگەڵ كورد، لەم بابەتە یەك دەنگ بن.
شیروان جەمال ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە فراكسیۆنە كوردییەكان قبوڵناكەن محمد تۆفیق عەلاوی سەربەخۆ بڕیاربدات ، چونكە هەرێمی كوردستان هەرێمە نەك پارێزگایەك ، یۆیە بەهەمو شێوەك ئەوە ڕەتدەكرێتەوە لە لایەن كوردەوە ،كە عەلاوی خۆی پۆستە سیادیەكانی كورد پڕبكاتەوە.
سەرۆككۆماری عیراق، لە ١ی شوباتی ئەمساڵ محمد توفیق عەلاوی، بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق کاندیدکردووە. ئەگەر ناوبراو تا ٢ی مانگی ئازاری داهاتوو لەو ماوەی بۆی دیاری كراوە، ئەو ١٢ وەزیرەی كە بەربژێری كردون پەسەند نەكرێت ، ئەوا متمانە بە حکومەتەکەی نادرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبونەوەكەی لەگەڵ محەمەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی عیراق، لە پەراوێزی کۆنفراسی ئاسایشی میونشن، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە حکومەتێک دەکات، پابەندبێت به قەوارەی فیدراڵی و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم، وەزیرەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان بکەن.
محەمەد عەلاوی، لە راگەێندراوێکدا دەڵێت: لەم ڕۆژانەدا ناوی ئەندامانی کابینە وەزارییەکەم ئاشکرا دەکەم، کە لە کەسانی سەربەخۆ پێکهاتووە، بێ دەست تێوەردانی سیاسی، چاوەڕێ دەکرێت، لە رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکومەت کۆببێتەوە.