نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تاکو ئێستا نزیکەی ٣٠ هەزار کەمەندام ناویان تۆمار نەکراوە و پڕۆژەیەک ئامادەکراوە بۆ ئەوەی ناو تۆمارکردنەوە دەستپێبکاتەوە.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی قەیرانی داراییەوە لە هەرێمی کوردستان، تۆماركردنی ناوی كەمئەندامی نوێ راگیرابوو، كە خەڵكێكی زۆری كەمئەندام هەیە و چاوەڕێ دەكەن موچەیان بۆ ببڕدرێتەوە.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچە، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، لەبارەی تۆمارکردنی ناوی کەمئەندامی نوێوە، ڕایگەیاند”بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی تۆمارکردنی ناوی کەمئەندامی نوێ، لیژنەیەکی باڵا لەوەزارەتی کاروباری کۆمەڵاتی، وەزری دارایی، وەزیری تەندروستی و دەستەی هەماهەنگی حکومەتی هەرێم پێکهێنراوە و پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە، ئێمە وەک وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەرخستەمان بۆکردووە و بەپێی پڕۆژەکە تائێستا نزیکەی ٣٠ هەزار کەمئەندام. ناویان تۆمار نەکراوە”.
ئاریان ئەحمەد، گوتیشی”لیژنەکەی دارایی ڕاپۆرتی خۆی بەرزدەکاتەوە بۆ ئەوەی دیاری بکات چەندی پارە دەوێت و چۆن دابینی بکات، هەروەها لیژنەکەی تەندرووستیش ڕاپۆرتی خۆی بەرزدەکاتەوە بۆئەوەی دیاری بکات کە چۆن لیژنەی بۆ دابین بکات، دواتر ئەم ڕاپۆرتانەش وەک دەرخستەی پڕۆژەکە بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان”.
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی ڕابردووش لەسەر ئاستی بەڕێوبەرایەتی گشتی کۆبوونەوەیەک کراوە و پاکنوسی پڕۆژەکە تەواو بووە، دەڵێت”چاوەڕێ دەکەین لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پڕۆژەکە پێسکەش بکرێت، داوتر چاوەڕێی وەڵام دەکەین بۆ جێبەجێ کردنی”.