شلێر سەعید: هەولێر
دوێنێ تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت ”بەوردی کار بۆ پاراستنی ئەم پرۆسە زانستیە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێنماییە بەردەستە کارپێکراوەکان کراوە”.
رۆژی دووشەممە ١٠- ٢-٢٠٢٠، کاتژمێر ١١-ی پێشنیوەڕۆ، لە ١٥ زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان (١١,٢٤٢) پێشکەشکار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستی کرد. بەجۆرێک لەم ژمارەیەدا (١٥٠٥) پێشکەشکار بۆ دبلۆمی باڵا و، (٧،٣٤٣) پێشکەشکار بۆ ماستەر و (٢،٣٩٤) پێشکەشکار بۆ دکتۆار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکان کردوە.
لە لێدوانێکی تایبەت د. دەریا جەمال حەوێزی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە، دەربارەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا بە نوچە-ی ڕاگەیاند: لەژێر چاودێری پ. د. وەلی مەحمود (سەرۆکی زانکۆ)، پ. ی. د. حەیدەر لەشکری (یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا) و بە سەرپەرشتی لیژنەیەکی تایبەت و نھێنی، لە نوێنەرایەتی فاکەڵتییەکانی زانکۆ، تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا لە بەشەکانی فاکەڵتی پەروەردە، زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان، سکوڵی وەرزش، بەشەکانی فاکەڵتی ئەندازیاری و فاکەڵتی زانست و تەندروستی لە ھۆڵەکانی فاکەڵتی ئەندازیاری و فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتییەکان ئەنجام درا.
گوتیشی ژمارەی بەشداربووان و کورسییەکان بریتی بوون لە:
– ١٠٤ بەشداربووی دبلۆمی باڵا بۆ ١٣٥ کورسی
– ٤٢٣ بەشداربووی ماستەر بۆ ١٩٥ کورسی
– ١٣٦ بەشداربووی دکتۆرا بۆ ١١٥ کورسی
د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لە پرۆسەکانی پێشبڕکێ و وەرگرتن لە خوێندنی باڵا، دوور لە هەمو دەستکاری و پێشێلکاریەک ڕەچاوی بنەماکانی هەلی یەکسان و شەفافیەت و دادەپەروەری کۆمەڵایەتی کراوە. گوتیشی: بەوردی کار بۆ پاراستنی ئەم پرۆسە زانستیە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێنماییە بەردەستە کارپێکراوەکان کراوە.