عەبدوالستار مەجید: كابینەی ئێستا تەنیا رسومات و بارگرانی بۆ سەرخەڵك زیاد كردووە

0

بەهرە حەمەڕەش و شلێرسەعید

عەبدولستار مەجید، لە کابینەی هەشت وەزیری کشتوکاڵ بوو. ئێستا ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە لەوێ سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێرییە. لەساڵی ١٩٨٧ بووەتە پێشمەرگە. دوای گەڕانەوەی خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە. ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانە. لەدیمانەیەکی نوچەنێت، بە پشت بەستن بە ئەزمونی خۆی لە کاری حکومەت و پەرلەمان وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە.

نوچە:  بەڕێزتان لە دووسەردەمی جیاواز لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن کارتان کردووە. لەکابینەی ٨لە حکومەت بوون، ئێستا لە پەرلەمانی. جیاوازی كاری ئۆپۆزسیۆن لە كابینەكانی پێشو و لە ئێستا دا چۆن دەبینی؟ 

عەبدولستار مەجید : ئۆ پزسیۆن بوون حاڵەتێكی ئاساییە، لە هەمو وڵاتان دوای

هەڵبژاردن ئەو لیست و قەوارەی كە زۆرتر ین  دەنگ دێنێ‌ جا چ خۆی حكومەت پێك دەهێنێ‌، یان بەهاوبەشی لەگەڵ لیست و قەوارەكانی دیكە بەپێی ڕێكکەوتن ، حكومەت پێك دەهێنێت. پێموایە ئاساییە ئەوەی بیەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست یان بەشێكی هاوكار و  كاریگەربێت لەدەسەڵات.

ئێمە لەكابینەی ٧ ئۆپۆزسیۆن بوین و پێمان باشبوو ئۆپزسیۆن بین، لە كابینەی ٨ بریارماندا بەشداری حكومەت بكەین ت٩-١١-٢٠١٨، بەشداربوین خۆی دەبوایە لەوكاتەدا هەڵیژاردن كرابایە، چونكەحكومەت   بووە كار بەڕێكەر، لەبەر بارو دۆخی ئەوكاتی هەرێم  ئێمە بەیاننامەیەكمان دەركرد لەگەڵ هەر دوو حزبی  یەکگرتوو گۆڕان بەیاننامەیەكی هاوبەشمان دەركرد. داوا لەحكومەت کرا كە ئەم بارو دۆخە نا ئاساییە  و هاوڵاتیان بە بارو دۆخێكی ناخۆشدا تێدەپەڕن، ئێمە داوامانكرد بەخۆیاندابچینەوە و حكومەتێكی كاتی بكرێت و هەڵبژاردن لە كاتێكی دیاری كراودا ئەنجام بکرێت کە دیارە نەكرا ، ئێمەش ئەو سێ حیزبە ڕێككەوتین کە لە حكومەت بكشێینەوە بۆیە ئۆپۆزسیۆن پێویستە.

بیرمان بێت ریفراندۆم زیانی زۆری لێداین و كێشەی بۆ كوردستان دروستكرد  و هەمومان باجەكەمان دا، لەم ڕۆژانە كۆبونەوەمان لەسەر پارەی جوتیاران کرد، بەمنیان گوت تۆ ئەو كات وەزیربوی بۆچ ئەوكات ئەو پارەی جوتیارانت وەرنەگرت ؟ گوتم ئەوكات بارو دۆخ لەگەڵ عێراق زۆرخراپ بوو. نەمان دەتوانی باسی ئەوشتانە بكەین لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ش ، عیرَاق دەی ویست ئەو قەوارەی هەشمانە نەمێنێ‌، ئێستا جیایە كە جادەكە تەخت بووە بۆ ڕۆشتن بۆیە كە باسی شتەكان دەكرێت دەبێ ئاگامان لە بارو دۆخی ئەوكات هەبێ.

نوچە: پەیوەندی نێوان حكومەت و پەرلەمان  چۆن هەڵدەسەنگێنی ، پێتوایە پەیوەندییەكە ئەكتیڤە؟

عەبدولستان مەجید : پێموایە دامەزراوەی پەرلەمان دامەزراوەیەكی  جیاوازە لەگەڵ حكومەت، حكومەت دامەزراوەیەكی  جێبەجێكردنە، بە پێی ئەو سایانەی هەیە پەیوەندی نێوانیان پێویستە بەڵام بەڕای من نابێ پەرلەمان ببێتە  دەستكەلای حكومەت،  واتە حكومەت چۆنی بوێت ئاوا پەرلەمان بسوڕێنێت. دەبێ پەرلەمان ببێتە چاودێر بەسەر حكومەتەوە، بۆیە ئەگەر باسی چاودێری بكەم لاوازە. باسی یاسا دەركردن و لیپرسینەوە لە حكومەت لاوازە. لەڕووی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمان، بەرزترین  دەسەڵاتی یاسادانانی هەیە و مەرجەعی سیاسی هەرێمی كوردستانە، بەڵام نەی توانیوە ببێتە ئەو مەرجەعە چونكە یەكێك لە بابەتە سیاسییەكان پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدایە، وەفدێكی دانوستانکار پێكهێنراوە و كۆمەڵێك گفتو گۆ كراوە ، بەڵام تا ئەو دوایەی ئێمە داوامانكردوە ، وەفدی دانوستكار  نەهاتونە پەرلەمان بڵێن: لەگەڵ حكومەت لە گفتو گۆ گەیشتوینە ئەو ئاستە ، رۆژێک هاتنە پەرلەمان گوایە بۆ ئەم مەبەستە،  پەخشی راستەوخۆشیان راگرت گوتیان، شتی تایبەت باس دەکرێت بەڵام هیچی نوێ نەبوو، ئەوکاتە پێمگوتن، ئەوەی گوترا هەرئەوەبوو کە لە ڕاگەیاندنەكان بیستومانە، نابێ پەرلەمان وەك خەڵك لە ڕاگەیاندنەكانەوە  ببیستێت کە لەگەڵ عێراق لە چ قۆانغێکی گفتوگۆدان. بۆیە دامەزراوەی پەرلەمان لاوازە ، بۆیە دەبێ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەخۆی دا بچێتەوە  لە چاودێریكردن و یاسادانان و بوون بە مەرجەعی سیاسی.

نوچە: هۆكاری ئەو لاوازییەی پەرلەمان  بۆچ دەگەڕێتەوە، پێتوایە بەهۆی دەستەی سەرۆكایەتییەوەیە ، یان فراكسیۆن و پەرلەمانەكانە ، یان موراعاتی دۆخەكە دەكرێت ؟

عەبدولستان مەجید : بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوو پەرلەمان لەكار خرا بوو. دووساڵ بەهۆی هەندێ هەڵوێست ئەوكات هاتە پێش ، ئەمجارە بە بەرنامە وایان كرد پەرلەمان لە بەهای كەم بێتەوە و هێزی لێپرسینەوەی نەبێت ، بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوو ڕویدا بینیان ئەگەر پەرلەمان كارا بێ و چاودێر بێ و  بەهێزبێ لە یاسادانان و هەمواری یاساكان بكات لە بەرژەوەندی ئەواندا دانییە بۆیە لەبەهای پەرلەمان كەمكرایەوە.

نوچە:  لە ئێستادا ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنت بەدڵە؟

عەبدولستان مەجید : نەخێر. دەبێ ئۆپۆزسیۆن كاراتر بێ. من تەنها مەبەستم خۆمان نییە بەگشتی دەڵێم، دەبێ چاودێركاری حكومەت بکات. وەزیرەكان بانگهێشتی ناو پەرلەمان بکات  و پەیوەندی باشی لەگەڵ هاوڵاتیان هەبێت و داواكارییەكانیان بگەیەنرێت ، ببێتە پردی پەیوەندی لەنێوان خەلًك و پەرلەمان، بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە، و لەخولی ڕابردوو٢٢ پڕۆژە یاسای جیاوازمان لەبواری جیاجیادا پێشکەشکرد، کە پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەبوو لە بواری كۆمەڵایەتی و ژینگە و قوتابیان وخانمان  …،٨ لەم پڕۆژانە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە ، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەبو ئۆپۆزسیۆن لەیەك بازنەدا كۆببنەوە.“

نوچە:  جاران لە ناو ئۆپۆزسیۆن یەکگرتن هەبوو ‍‍، بەیەك تیم كاریان دەكرد ئایا ئێستا ئەوە هەیە؟

عەبدوالستار مجید : ئەو یەکگرتنەی جاران نییە بەڵام هەما هەنگیمان هەیە.  باسیشمان کردووە کە چوار چێوەکی هاوبەشمان هەبێ هێشتا نەکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا  لە کاتی پێشهاتە هەستیارەکان ڕاوێژ بەیەکتر دەکەین.هیوادارم قۆناغێک بەرەو پێش بچین.

شتێک هەیە دەبێت بیزانین ئەویش ئەوەیە، کە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئێمە ئۆپۆزسیۆنە، واتە ئۆپۆزسیۆن تەنیا حزبەکان نین، ئەو دەنگەی دەسەڵات هێنای لە هەڵبژاردن دەنگی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو دەنگی تەزویر  و ساختەیە. ئەوەی ناڕازی بوو دەنگی نەداوە یان دەنگی بەئۆ پۆزسیۆن داوە و چاوەڕێیە ئۆ پۆزسیۆن کاری بۆ بکات و هەڵوێستی هەبێت، یەک لە باری خۆمان هەوڵمان داوە لە ئاستی خواستی هاوڵاتیان بین.

نوچە: پێشتر ئاماژەت پێكرد کە لە بارو دۆخێكی ناخۆش بوی بەوەزیر، ئەدای كاری حكومەتی ئەوكات و ئێستا چۆن دەبینی ؟  

عەبدوالستار مجید: پێموایە ئەو بارو دۆخەی كابینەی ٨  پێدا تێپەڕی، بە بەراورد لەگەڵ ئێستا كابینەی ٨ باشتربوو چونكە بەرەو ڕوی كۆمەڵێك تەحدیات بۆوە ، لەكاتێك شەڕی داعش و دوای ئەوە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم ، لەم ڕوەوە هەرچەندە لەوەیە گلەیمان بێتە سەر بەڵام دەبوایە نەوت ڕادەستی حكومەتی عێراق كرابایە.

كێشەیەكی دیكە ئەوەبوو کە نرخی نەوت زۆر دابەزیبو تا ٢٧ دۆلار، پەیوەندییەكان بەتەواوی تێكچوو بەهۆی ڕیفراندۆم لەگەڵ عێراق و وڵاتەكانی دیكەش،  بۆیە خۆڕاگری لەبەرامبەر ئەو تەحدیاتانە خۆی سەركەوتنە.

سەبارەت بە حكومەتی ئێستا، تا ئێستا هیچمان نەدیوە بەرچاو بێت لە ژیانی خەڵك لە موچە و خانەنشینی لە مافی سەرەتایی  هەلی كارو دامەزراند ، واتە شتێکی جیاوازمان نەدیوە، ئەوەی بینیومانە و كراوە، باج و ڕوسوماتی زۆر خراوەتە سەر خەڵك، وەك رسوماتی هاتوچۆ ستاندنی پارە لە خەڵك بۆ خۆڵ و خاشاك، تا عەریزە نوسیش گران بووە،  بەبەڵگەوە ببینە باج لە سەر خاڵی سنورییەكان چەند زیادی كردووەو بۆتە هۆی ئەوەی بە قاچاغ شت بێنن . هەروەها بە بەڵگەوە هەیە کە رێژەی هاتنی شتومەک لە خاڵەسنورییەکان بە قاچاخ زیاد بووە.  هەیە بۆئەوەی باج نەدات، واستەی كردوە لە سنور ئاو دیوبێت بەبار هێلكە دێت بێ ئەوەی باج بدرێت لەكاتێكدا خۆی هەر هاتنی قەدەغەیە، تا بەرهەمی خۆماڵی گرنگی پێ بدرێت، ئەوەی لە سنورەكان هەیە كارەساتەو گەندەڵی زیادی كردوە.  

نوچە : تا چەند پێویستە وەزیر بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، دەسەڵاتی خۆی بەكاربێنێ‌ ؟ ئایا وەزیر دەتوانێ‌ بەسەر ڕێگرییەكاندا  زاڵ بێت ؟

عەبدولستار مەجید: بەڕای من دەبێ وەزیر دەستكراوە بێت نەترسێت و دەسەڵاتی خۆی بەكاربێنی، چونكە دەسەڵاتی زۆرە . و پێموایە وەزیر ئەگەر سەركەوتونەبێ دوو هۆكاری هەیە یان خۆی لاواز وبێ دەسەڵاتە دەبێ دەست لەكار بكێشتەوە، یان دەبێ حیزبەكەی كەسێكی دی لە جێ ئەو دابنێ‌ یان ڕیگری لێ بكرێت، من گوتومە ئەگەر ڕیگریم لێ بكرێت من بۆ ڕای گشتی ڕای دەگەیەنم و دەڵێم، بەهۆی ئەو ڕێگرییە دەست لەكار دەكێشمەوە.

لە وەزارەتی ئێمە ئەوکات کێشەیەک هەبوو، کەسێک هەبوو کاری خۆی نەدەکرد و بە٦مانگ وەڵامی ئیش و کاری نەدەدایەوە. بۆیە بەکاک نێچیرڤانم گوت: کەسێکی ئاواهەیە.  ئەویش گوتی: دەڵێن ئەوە ئیشكەرە و دڵسۆزە. خۆی کاتی خانەنشینکردنی هاتبوو. گوتم كاكە   گەر بەتەمان ساڵێكی دیكەی بۆ درێژبكەنەوە  من بەجێی دێڵم بۆ ئەو. ئەویش گوتی: واتە تا ئەو ڕادەیە؟ گوتم بەڵێ من وەزارەتی كشتوكاڵتان دەدەمەوە شارەوانیمان بدەنێ‌  دوای ئەوە ئەو پیاوە خانەنشین ك.را

نوچە : دەسەڵاتی دارایی وەزیرەكان، دراوەتە وەزارەتی دارایی،  لایەنی باش و خراپی ئەم بڕیارە چییە ؟

عەبدولستار مەجید : من ئەوە بەهەڵەی دەزانم.  بەڕای من ئەوە دیكتاتۆریەتە باش نییە.  باشترین ڕێگە چارە بۆ ئەوە ، هاتنی پڕۆژەیاسای بودجەیە بۆ پەرلەمان، دەبوایەحكومەت لە مانگی (١٠-٢٠١٩) بیهێنایە بەڵام تا ئێستا نەهاتووەو پەرلەمانیش لێی نەپرسیوەتەوە. هیچ ڵێپێچینەوەیەکیش بۆئەم مەبەستە نەكراوە.

بیانویان ئەوەیە کە گوایە هێشتا بەشە بودجەی عێراق نەهاتووە، بەڵام تا ئێستا هەرێم بەڕێكی بەشە بودجەی خۆی لە عیراق  وەرگرتووە. دەبێ هەر وەزارەتێك بودجەی تشغیلی خۆی دیار بێت، بێجگە لەموچەی خۆی و دەبێ لەپەرلەمان ئەوە پەسەند بكرێت، بۆنمونە وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی  كشتوكاڵ و خوێندنی باڵا و دەبێ بودجەیان دیاربێت؟ بەڵام تا پڕۆژە یاسای بودجە نەبێت، زیاتر دەرفەت بۆ حکومەت دەڕەخسێت کە بڕیاری نایاسایی بدات و بەم هۆیەشەوە گەندەڵی بکات.

نوچە : کەواتە پێتوایە ستاندنەوەی دەسەڵاتی دارایی لە وەزارەتەكان، لە دەسەڵاتی حكومەت دا  نیوە دەبێ پەرلەمان  بیكا؟

عەبدولستار مەجید : بەڵێ،‌ چونكە ئەو پرسەی بە پێی پڕۆژەی بودجەی دێتە پەرلەمان و   پەرلەمان بۆی دیاری كراوە دەسەڵاتی خۆی بەكار بێنێ‌ بەڵام كە ئێستا ئەوەنییە حكومەت بڕیار دەدا هەی بێت یان نەی بێت و چۆن بەكاری بێنێت.

نوچە:   گوتت وەك وەزیر دەسەڵاتەكانت بەكار هێناوە،  قەت هەبووە ببێتە هۆی ناڕەزایی سەرۆ وەزیران یان لێك عاجزبون و ساردبونەوە هەبێت؟

 عەبدولستار مەجید : نا نەبووە. سەرۆكوەزیرانی ئەوكات و وەزیرە بەڕێزەكانیش  هەمیشە بۆمن پاڵ پشت بوون، بەڵام بارو دۆخ نالەبار بوو لە ناوخۆ  و سەرۆكوەزیران هاوكاربوو بۆ ئیش وکار لەگەڵ وەزیرەكان و ناتوانم بڵێم هاوكارمان نەبووە.

نوچە : گوایە جارێك بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارێكت داوە ئەو بڕیارە چیبوو چۆن بوو؟

عەبدولستار مەجید : ئەوكات لە ٢٠١٤ پڕۆژەیەكم پێشكەش كرد، كە باج لەسەر شتی هاوردە دابنرێت. پڕۆژەکە پەسەندکرا. ئەوە یەكێك بوو لە هەنگاوە گەورەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ ، چونكە  تا ئەوكات باج نەبوو. توركیا گوتیان: باج نادەین و هاوردەكردنی مریشكی توركیش لەوكاتەدا زۆربوو. لەهەمان كات ئەنفلونزای باڵندە هەبوو، ئێمەش گوتمان مادام باج نەدەن  قەدەغە ی دەكەین . ئەوكات كاک نێچیرڤان و كاك قوباد  لەدەروەی وڵات بوون. دیارە ڕەجەب تەیب  ئەرۆدۆغان پەیوەندی پێوە كردبوون، گوتبویان وەزارەتی كشتوكاڵ سنوری لێ‌ داخستوین. ئەویش پەیوەندی بەمنەوە كرد منیش گوتم: ئەوان پابەند نین بە بڕیاری ئێمەو باج نادەن. كاک نێچیرڤان گوتی: باشە بابێمەوە قسە دەکەین. كەهاتەوە گوتی پێم باشە لە گەڵیان دابنیشی. هەروەها گوتیشی من ڕێزم لە بڕیارەكەی تو گرتووە و هەڵم نەوەشاندۆتەوە ، گوتم ئەگەر ئەوان داوابكەن من لەگەڵیان دادەنیشم.

 ئەوان زۆربەخەمن بؤ  ئابوری خۆیان. لە یەك ڕۆژدا دوو داوەت نامەم بۆهات، لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ وەزيرى ئابوری ، چوین پێمان گوتن: ئێمە باجمان داناوە دەبێ باج بۆ هاتنی بەرهەمەکانتان بدەن، چونكە جوتیارانی ئێمە بەم شێوە زیانیان بەردەكەوێت. ئەم ڕوداوە بەمشێوەیە بوو. هیچ كێشەیەكی بۆ ئێمە دروست نەكرد ببێتە ناخۆشی یان ساردی وەك گوتت.

نوچە: بەپێی ياسا سەرۆكى حكومەت دەیتوانى ئەو بڕیارەی ئێوە هەڵبوەشێنێتەوە. بەتایبەت کە سەرۆکوەزیران بە ئەندازیاری پەیوەندی نێوان کوردستان و تورکیا ناسراوە. بەڵام بڕیارەکەی ئێوەی هەڵنەوەشاندەوە؟

عەبدولستار مەجید: نانەخێر بڕیارەکەی هەڵنەوەشاندەوە. بە باسی شتێکت بۆبکەم.  هەمان شت لە ڕووداوی ئاو گرتنەوەی ئێران روویدا. هەستاین ئاوی دەربەندی خان و زێی بچوكیشمان كەم كردەوە و بەرمان نەدایەوە، چونکە ئەگەر ئێران ئاو بگرێتەوەبەنداوی دوكان پڕنابێتەوە. مەبەستمان نەبوو سزای عێراق بدەین بەڵام چونكە ناوەڕاست و خواروو سود لە ئاوی زێی بچوك و دەربەندی خان  دەبینن،  بۆ ئەوانیش سزایەك بو ، دۆخەکە ئاڵۆزبوو پەیوەندیم بە سەرۆكوەزیرانەوە كردو گوتم: ئەگەر ئاومان لێ بگرنەوە هەشتا هەزار جوتیار بێ ئاو دەبن، بەتایبەت لە پشدەر بۆیە دەبێ بڕیارێک بدەین، ئەم کێشەیە دەبێتە کێشەی هەرێمێک لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئێران.  كاک نێچیرڤان گوتی: چی باشە بیكە پشتیوانت دەبین   ئێمە متمانەمان پێتە. بۆیە كە ئەو كارەم كرد گوێم نەدایە ئەوە كێیەو كێ نییە.لەهەر بڕیارێك كە داومە لێ‌ پاشگەز نەبوومەتەوە. هەمیشە ئەنجوومەنی وەزیران پاڵپشتم بوون.

نوچەنێت: پێتوایە لە ئێستاشدا ئەم هەماهەنگییە هەیە؟

عەبدولستار مەجید : دەبێت ئەوە لە وەزیرەکانی بپرسی.

نوچە : ئەوانە بۆ دابەشكردنی دەسەڵات و ڕۆڵ لەو كابینەیە دەگەڕێنیتەوە یان بە فیعلی هەماهەنگی هەبووە ؟

عەبدولستار مەجید : بۆ هەردووكی. یەكەم  وەزیر بەپێی تەعلیمات و یاساكان  دەسەڵاتی زۆری هەیە و دەبێ بەكاری بێنی وەك گوتم دەبێ ئازابێ،  دووەم هەماهەنگی زۆر گرنگە من هەماهەنگیم زۆر باشبوو. هەركەسێك   بۆ بەرەو پێشبردنی كارەكەی كاری كرد،  دەبێ سەرۆكوەزیران هاوكاری بكات وپاڵپشتی بکەن، بەڵام ئەگەر كەسێك حزبیانە مامەڵە بكات، ئەگەر خەڵکی حزبەکەی هات مامەڵەی بۆ ڕایی بكات و ئگەر كەسێكی دیكە بێ پشت گوێی بخات بەڕاستی ئەوە نابێ، من مەبەستم هیچ نییە كە دەڵێم من جیاوازی هیچ كەسێكم نەكردووە و هەركارێك گەر لە بەرژەوەندی گشتی دابوبێت جێ‌ بەجێم كردووە، بێ ئەوەی بپرسم یان بزانم ئەو كەسە سەر بە كێیە.

هەندێجار بەریوەبەر گۆڕدراوە.گوتویانە با فڵان دابنێن. گوتومە لیژنەمان هەیە و بەپێی سیڤی دیاریمان كردووەو بە پێی پێوەر. دوای دەرچوە سەربە دەسەڵات بووە، و زۆر جاریش كادیرو ئەندامانی حزبەكەم گلەییان لێم كردووەو گوتیانە، ئێمە چەند ساڵە زوڵمان لێكراوە دەبوایە تۆ قەرەبومان بۆبكەیتەوە،  گوتومە ئەگەر منیش بەهەمان شێوازی ئەوان کاربکەم جیاوازیم چییە؟

نوچە : بە پێی ئەزمونی تۆ، چۆن حكومەت لە ژێر هەیمەنەی حیزب دەر بهێنرێت  و لێبگەڕێن حكومەت كاری خۆی بكات ؟

عەبدولستار مەجید: گەورەترین كێشە لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە کە حزب هەمەكارەیە.  هەیمەنەی حیزبە  حكومەت و پەرلەمان بەڕیوە دەبات. وەك دوكان دەیکاتەوەو دایدەخات بەكەیفی خۆی. لە هیچ وڵاتێك شتی وانییە ، خۆزگە لە هەیمەنەی حزب رزگارمان دەبوو ، حزب تا هەڵبژاردن بەر بژێری خۆی پێشكەشكرد، مافی خۆیەتی بەڵام دوای ئەوە دەبێ بكشێتەوە. تا حزب دەست لەهەمو سێكتەرەكان وەربدات و هەژمونی حیزن بەسەر دامەزاوە فەرمییەكانەوە هەبێت ، یاسا لە هەرێمی کوردستان سەروەربێت و نابێتە هەرێمێك کە کار بەبنەمایەکی تەندروست بکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com