نەوزاد عەلی-سلێمانی
بڕیارە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عیراقدا كۆببێتەوە، پەرلەمانتارێکی پارتیش ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی کۆبوونەوەکە بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کورد و گفتوگۆکردنە لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، وەیسی سەعید ویسی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا، ڕایگەیاند: بڕیارە سبەی (سێشەممە ١١-٢-٢٠٢٠) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، مەبەستی کۆبوونەوەکەش بۆ زیاتر گفتوگۆکردنە لەسەر ڕەوشی ئێستای عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی عێراق”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژە بەوەدەکات، دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی عێراق و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، دۆخێکی نوێ هاتە پێشەوە، ئێستاش کەسێکی دیکە ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە عێراق، پێویست بەوەدەکات، کە زیاتر گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکرێت.
وەیسی سەعید گوتیشی “ئامانجێکی تری کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنە کوردییەکان، بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کوردە، بە مەبەستی گرەنتی کردنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، کە پێشووتریش کۆمەڵێک پۆستی گرنگ و سیادی بەدەستی لایەنەسیاسییەکانی هەرێمەوە بوون، زۆر گرنگە لەم قۆناغەشدا هاو هەڵوێستبین بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم پۆستانە بەدەستبهێنینەوە”.