نوچە: ئاژانسەکان
کەشتی ئاسمانی “زەفەر”-ی ئێران دوای هەڵدانی نەیتوانیوە لە بۆشایی ئاسمان جێگر بێت و شکستی هێناوە، کە بەم پێیە ئەمە چوارەمین شکستی هەوڵەکانی ئێرانە لەو بوارەدا.
لەمبارەوە محەمەد جەواد ئازەری جەهرومی، وەزیری پەیوەندی و تەکنۆلۆژیای ئێران بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: “کەشتی ئاسمانی زەفەر گەیشتە ٦٤٠ کیلۆمەتریی ئاسمان، بەڵام بۆ جێگیربوونی ئەو کەشتییە لە بۆشایی ئاسمان دەبوا بگاتە خێرایی حەوت هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر، بەڵام ئەو خێراییەی مسۆگەر نەکرد”.
جەهرومی ئاماژەی بەوەش کردووە “کەشتییە ئاسمانییەکە تووشی کەمی خێرایی بووە و لە بۆشایی ئاسمان جێگر نەبووە و لە ئۆقیانووسی هیند کەوتووەتە خوارەوە”.
ئازەری جەهرومی ڕاشیگەیاندووە “پێچەوانەی کەشتی ئاسمانی “پەیام”، کە گرفتی تەکنەلۆژی هەبووە، ئەمجارە گرفت لە مەکینەی کەشتییەکەدا بووە”.
کەشتی ئاسمانی “زەفەر” کە کێشی 113 کیلۆ بووە، لەڕێگەی موشەکی “سیمرغ”-ەوە بۆ بەرزایی ٥٣٠ کیلۆمەتریی هەڵدراوە و سەرەنجام شکستی هێنا.
بە گوێرەی ماڵپەڕی فارسی “ڕادیۆ فەردا” لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا ئەمە چوارەمین جارە هەڵدانی کەشتییە ئاسمانییەکانی ئێران سەرەڕای ئەو هەموو تێچووەی بۆی دەکرێت، شکست دێنن و ئێران ساڵی 2019 سێ جار هەوڵی دا کەشتی ئاسمانی ناهید بنێرێتە بۆشایی ئاسمان، بەڵام تێیدا سەرکەتوو نەبوو.
هەروەها لە ساڵی ٢٠١٨-شدا ئێران دووجار هەوڵیدا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و هاوکات لە لە دەیەی ٨٠ی هەتاویشدا ئێران دوو جار لە هەڵدانی کەشتی ئاسمانیدا شکستی هێناوە.