نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ گومان لێکراوی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، نەهاتووەتە هەرێمی کوردستانەوە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەوڵاتی چین، بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان، بۆڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی گەشتەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاگرتووە، تائێستا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ٨١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٧ هەزار تووشبوو بەڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕایگەیاند”تا ئێستا هیچ کە سێکی گومان لێکراوی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، نەهاتووەتە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، بەشێوەیەکی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر سەلامەتترە، جگە لەو پێنج حاڵەتەی کە لە وڵاتی ئیمارات تۆمارکراون”.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی،گوتیشی”ڕێوشێنەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پشکنینی نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیە لەخاڵە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر کەسێک گومانی لێبکرێت جیادەکرێتەوە و پشکنینی بۆ دەکرێت، لەکاتی دڵنیابوون لەوەی کەسێک هەڵگری ئەو ڤایرۆسەیە، ئەوکاتە ڕێکاری پزیشکی پێویست بەرامبەری دەگیرێتەبەر”. دکتۆر محەمەد قادر، هەروەها دەڵێت”نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە شاری هەولێر، تایبەت کراوە بەوانەی لە وڵاتی چینەوە دێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم نەخۆشخانەیە نەخۆشخانەیەکی تەواوە و سەرجەم پێداویستییە پزیشیکی و خزمەتگوزارییە پێویستییەکانی تێدایە”.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، هەرکەسێک لەوڵاتی چین بێتە هەرێمی کوردستان، بۆماوەی دووهەفتە لەو نەخۆشخانە لەژێر چاودێری وردی پزیشکدا دەبێت، ئەگەر کەسەکە هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسەکەی نەبێت و خاوێن بێت دوای ئەو ماوەیە دەردەکرێت.