نوچە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تووندوتیژییەکانی نەجەف بە تووندی سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، رێگە بە خۆپیشاندەرەکان بدرێت، بەشێوەیەکی ئاشتیانە داوای حکومەتێک بکەن دووربێت لە هەژموونی ئێران. داواشدەکات ”حکومەت بکوژەکان رووبەرووی دادگا بکاتەوە”.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە توویتێکیدا رایگەیاند: ئێمە تووندوتیژییەکانی نەجەف بەتووندی سەرکۆنە دەکەین. ئەمریکا داوادەکات رێگە بە خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان بدرێت، بە ئازادانە و بەبێ کوشتن و تووندوتیژی خۆپیشاندان بکەن و داوای هەبوونی حکومەتێک لە وڵاتەکەیاندا بکەن، کە دووربێت لە هەژموونی ئێران”.
لەگەڵ ئەوەشدا داوادەکات ”حکومەت بکوژەکان رووبەرووی دادگا بکاتەوە”.
هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا سەرکۆنەی تووندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکەی نەجەف دەکات و دەڵێت: ئەرکی حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکانییەتی کە کۆتایی بەم خوێنڕشتن و تۆقاندنە بهێنن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هێرشە دڕندانەییەکانی شاری پیرۆزی نەجەف لە 5ی ئەم مانگە رەتدەکاتەوە کە بووە هۆکاری کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەرە ئاشتی خوازەکان.
لە راگەیێندراوەکەیدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا راشیگەیاند، ئەمە شتێکی نەخوازراوە کە گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن و رێگەپێدراون کە پێشێلی سەروەری یاسا بکەن لە عێراق و هێرش بکەنەسەر ئەو خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازانەی کە مومارەسەی مافی ئازادانەی رادەربڕینیان دەکەن و هەروەها داوای چاکسازی سیاسی و ئابووری دەکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت: ئەرکی حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکانییەتی کە کۆتایی بەم خوێنڕشتن و تۆقاندنە بهێنن، لە نێویاندا رفاندن و تیرۆرکردنی چالاکوانە مەدەنییەکان و رۆژنامەڤانان، ئەرکی ئەوانە کۆتایی بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و هەروەها سووتاندنی خیووەتەکانیان بهێنن.
داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکات “کۆتایی بەم تاوانکارییە بهێنن و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە رووبەڕووی دادپەروەری بکاتەوە”.