نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو، سەرۆک وەزیرانی نوێی ڕاسپێردراو لەگەڵ بەشێک لە فراسیۆنە کوردییەکان کۆدەبێتەوە.
ئێوارەی رۆژی شەممە ١-٢-٢٠٢٠، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، بە فەرمی محەمەد تۆفیق عەلاوی، بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی عێراق راسپار، عەلاویش، رایگەیاندووە”حكومەتێكی دادپەروەر پێكدەهێنێت، كە دوور بێت لەپشك پشكێنەی تائیفی و حزبی”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی، ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیرانی نوێی ڕاسپێردراوی عێراق، لە ئێستادا دەستیکردووە، بەگفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ حزبەسیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، بەمەبستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پڕۆسەیەکی بەردەوامە”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو دەشڵێت “لە ئێستادا فراکسیۆنە کوردستانییەکان سێ بەشن، کە پێکدێن لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی و ١٥ کورسییەکەی دیکە، بێگومان سەرۆک وەزیرانی نوێی ڕاسپێردراو لەگەڵ هەرسێ بەشەکەشمان کۆبوونەوە دەکات”
موسەننا ئەمین گوتیشی “ئێمە وەک ئەو ١٥ کورسییە، بڕیارە ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ئەنجامبدەین، ئێمە هیچ داخوازییەکی حزی و دیاریکراومان نیە، دەمانەوێت سەرۆک وەزیرانی نوێ لە پۆستەکەی سەرکەوتووبێت و عێراق ڕزگار بکات لەم قەیرانانەی کە هەیەتی، هەروەها ماف و ئیستحقاقاتی هەرێمی کوردستانیش بپارێزێت”.