یەکێتی: دەستێوەردان لە رێساكانی حكومەت كۆتایی پێ‌ بهێندرێت

0

نوچە

لەبارەی سەرهەڵدانی کێشەی غاز لە هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی داوای لێپێچینەوەی یاسایی لەوانە دەکات لە دروستبوونی کێشەکە بەرپرسیارن و داواشدەکات، کۆتایی بهێنرێت بە دەستتێوەردانی لاوەكی لە رێساكانی حكومەت.

زیاتر لە هەفتەیەکە کێشەی نەمان و گرانبوونی غاز لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە هەولێر و دهۆک سەریهەڵداوە و کێشەکەش دوای ئەوە روویدا کە بەپێیاوی راگەیەندر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کۆمپانیایە پێشووتر دابەشکردنی غازی لە ئەستۆبووە لێی سەندراوەتەوە و لە تەندەرێکدا دراوەتە کۆمپانیایەکی نوێ، بەڵام کۆمپانیا پێشووەکە لەرێگەی چەند چەکدارێکەوە خاوەن کۆمپانیا نوێیەکەیان لە سلێمانی رفاندووە و رێگرییان کردووە لەوەی غاز لە چەمچەماڵەوە بنێردرێتە هەولێر و دهۆک.

ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا تیشک دەخاتەسەر دۆخی ئێستای عێراق و کوردستان و لەبارەی عێراقەوە پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتێک دەردەبڕن، کە “داخوازییەكانی خۆپیشاندەران قبوڵ بكات و عێراق لەهەر جۆرە شەڕوشۆڕێكی دەرەكی و ئاژاوەگێڕیی ناوخۆ” بپارێزێت.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی کوردستانیشەوە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی بەپێویستی دەزانێت، هێزە كوردستانییەكان لەبەر رۆشنایی رووداوەكان، زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەرپرسیارانە بۆ گەڵاڵەكردنی ئەركە هاوبەشەكان ئەنجام بدەن.

دەقی راگەیێندراوەکەی یەکێتی

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان!

لای هەمووان ئاشكرایە، كە ناوچەكەو عیراق و كوردستان، بەدۆخێكی هەستیارو چارەنووس سازدا تێدەپەڕێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك هەمیشە ئامانجی بەدیهێنانی ئامانجە دەستووری و سیاسی و پیشەییەكانی جەماوەرە، بۆیە:

1- لەسەر ئاستی عیراق، پێكهێنانی حكومەتێك داخوازیەكانی خۆپیشاندەران قبوڵ بكات و كێشە سیاسی و یاساییەكان كۆتایی پێ‌ بێنێ‌ و دژایەتی گەندەڵی و مشەخۆری بكات، وە هەروەها عێراق لەهەر جۆرە شەڕوشۆڕێكی دەرەكی و ئاژاوەیی ناوخۆ و تایفەگەری بەهەرپاساوێك بێ‌، بپارێزێت، پشتیوانی دەكەین.

2-لەسەر ئاستی كوردستان، هێزە كوردستانیەكان پێویستە لەبەر رۆشنایی روداوەكان، زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەرپرسیارانە ئەنجام بدەن بۆ گەڵاڵە كردنی ئەركە هاوبەشەكان.

سەبارەت بە بارودۆخەكەش نەخشەڕێگای نوێی پێویست دابڕێژن، ئەو ئەركانەش لە كوردستاندا، بەندن بەچارەسەركردنی كۆی كێشەكانی خەڵك، لەپێشەوەیان پاشەكەوتی مووچە، دژایەتی گەندەڵی، پێشخستنی حكومەت و سیستەمی حوكمڕانی كە سەروەری یاسا و یەكێتی خەڵك و خاك و نەتەوە دەستەبەر بكات.

هاوكات، رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو باقی هێزەكان، كۆتایی پێ‌ بێنێ‌.

3-لەسەر ئاستی ناوخۆی یەكێتیش:

ئەنجوومەنی باڵا، بەئەركی خۆی و ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی و تەواوی ئۆرگانەكانی یەكێتی دەزانێت، بڕیارەكانی لەچوارچێوەی پرنسیپە پەسەندكراوەكانی چوارەمین كۆنگرە لە ساغكردنەوەی بڕگەكانی پەیڕەوی ناوخۆدا دوا بڕیاریان لەسەر بدرێت و تەواوی ئۆرگانەكان و هەڤاڵانی یەكێتی دڵسۆزانە پابەندی بڕیارەكان بن.

جەماوەری ئازادی خواز!

ماوەیەكە كێشەی نەوت و غاز پشێوی لەكەسابەت و بازاڕی ئازاد دروست بووە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەو پێیەی پارێزەری سیاسەت و بەرژەوەندی باڵای یەكێتیە بەرنامە و بڕیاری هەیە لەڕێگەی حكومەتەوە، بەزوترین كات لێكۆڵینەوە لەكۆی كێشەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردن و لێپێچینەوەی یاسایی لەوانەی بەرپرسیارن، بكرێ‌ و دەست تێوەردانی لاوەكی لەرێساكانی حكومەت كۆتایی پێ‌ بهێندرێت.

بۆ كۆی ناوەڕۆكی ئەم بەیاننامەیەش ئەنجومەنی باڵا، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵا سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت و تەواوی حزبە سیاسیە تێكۆشەرەكان ئەنجام دەدات.

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ی.ن.ك

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com