نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لیژنەیەکی لاوەکی پێکهێنراوە، بۆ بەدوادا چوونی کێشەی گاز و ڕێگری کردن لەهاتنی تەنکەرەکانی گاز بۆ هەولێر.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری گەرمیان هێزێکی چەکدار، ڕێگرییان لە چەند تەنکەرێکی گاز بۆ هەولێر گرت و تەقەیان بەسەردا کرا، ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێزێکی ڕاسپارد بۆ چاودێری کردنی کێڵگەکانی بەرهەم هێنانی گاز لەو سنوورە، ئەمڕۆش لە سەر ڕێگای دووکان جارێکی دیکە تەقە بەسەر چەند تانکەرێکدا کرا، کە گازیان دەگواستەوە بۆ هەولێر.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جیهاد حەسەن دۆسکی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کێشەی گازە، ڕایگەیاند: ڕۆژی سێشەممە ٤-٢-٢٠٢٠، لیژنەکەمان لەسەر کیشەی کەم بوونەوەی گاز و ڕێگری کردنی لەناردنی بۆ پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و لیژنەیەکی لاوەکیمان بۆ بە دواداچوونی ئەو کێشەیە پێکهانەوە، لیژنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە دەستیان کردووە بەکارەکانی خۆیان و سەردانی کارگەکانی گاز دەکەن. هەوەها لەنزیکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێم دادەنیشن بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە”.
جیهاد حەسەن دۆسکی گوتیشی “لە ئێستادا کێشەی کەمی گاز چارەسەرکراوە، بەڵام بۆ پرسی ڕێگری کردنەکە سەرۆکی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت. خۆیان لە سەرخەتن بۆ ئاشکراکردنی، ناوی ئەو کەسانەی هەستاون بە ئەنجامدانی ئەم رێگرییە، بۆ ئەوەی بزانن کێن و سەربە چ لایەنێکن و بۆچی وادەکەن”.
ئەندامەکەی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان ئاماژە بەوەدەکات، تا ئێستا هەڕەشە و ڕێگری کردن لە تەنکەرەکانی گاز بەردوامە. دەشڵێت “ئێمە هیچ لایەنێکی سیاسی تۆمەتبار ناکەین، بەڵام هەندێک کەس هێزێکی نیشتمانییان بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە و کێشەیان دروست کرد”.