هەرێم دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەستپێبکاتەوە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر کابینەی نوێی حکومەت هەمان پڕۆژەیاسای بودجە نەنێرێتەوە پەرلەمان، دەبێت جارێکی دیکە هەرێم گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکاتەوە.    

پێش سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و گرژییەکانی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پرسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠، پرسی نەوت و پشکی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە؛ ئێستاش محەمەد تۆفیق عەلاوی، بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی عێراق راسپێردراوە و دیار نییە چۆن مامەڵە لە گەڵ کۆی کێشە و رێککەوتنەکان دەکات بە تایەبت پرۆژەیاسای بودجە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شیروان میرزا، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، ڕایگەیاند: ئەو ڕێککەوتنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوویەتی، بەشێکە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی عێراق، کابینەی نوێی حکومەت، کە دێت ئایا هەمان پڕۆژەیاسای بودجە دەنێرێتەوە پەرلەمان یان پڕۆژەیاسایەکی نوێ دەنێرێت؟

شێروان میرزا دەڵێت “لە حاڵەتێکدا ئەگەر کابینەی نوێی حکومەت هەمان پڕۆژەیاسای ناردەوە پەرلەمان، ئەوکاتە پێویست بەوە ناکات حکومەتی هەرێم، جارێکی دیکە بێت گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتن بکاتەوە، لەبەر ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیرکراوە”. 

هەروەها گوتیشی “لە حاڵەتی ئەوەی، ئەگەر کابینەی نوێ دەستکاری پشکی هەرێم بکات لە پڕۆژەیاساکەدا، بەو پێیەی حکومەتێکی تازەیە، لەوانەیە کارنامە و بۆچوونی جیاوازی هەبێت، ئەوکاتە دەبێت حکومەتی هەرێم دووبارە وەفدێک بنێرێتەوە بەغدا یان ئەوەتا بەشدار بێت لە ئامادەکردنەوەی پڕۆژەیاساکەدا، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پشکی هەرێم و مافی خەڵکی کوردستان بکات”. 

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشییکردەوە و گوتی “ئەگەر هەمان پڕۆژەیاسا بێتەوە پەرلەمان بەبێ دەستکاری، ئیشی ئێمەی پەرلەمانتارانی کوردە، کە داکۆکی لێ بکەین، ئەوکاتەش حكومەتی هەرێم دەبێت جوڵەیەکی سیاسی بکات و وەفدێکی سیاسی بنێرێت تا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد قسە بکات، بۆ ئەوەی هیچ فراکسیۆنێکی کوردی دژایەتی پشکی هەرێم نەکات”.                                                  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com