نوچە
حاکم لەتیف مستەفا، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، رەخنە لە سیاسەتی یەکێتی دەگرێت و دەڵێت ”بەهۆی ئەو دۆخەی حزبەکە تێیکەوتووە، ئێستا لە ڕووی جەماوەرییەوە یەکێتیبوون لە سلێمانی بووە بە عەیب”.
حاکم شێخ لەتیف مستەفا، لە وتارێکیدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە ناونیشانی ”یەکێتی بۆ وای لێهات”! بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، کە چۆن دۆخی سلێمانی تاوەکوو ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ئاستێکی باشدا بووە و پێش ئەو وادەیە، سلێمانی بە بەراورد بە هەولێر، لە ئاستێکی باشتری خزمەتگوزاری و پێشکەوتندا بووە. ئەو کاتە خەڵکێکی زۆر لە سلێمانی نەک هەر لایەنگری حزبەکە بوون، ”بەڵکوو دەروێشی بوون“.
ئەو سەرکردەیەی پێشووی گۆڕان نایشارێتەوە کە هەموو شتێک لە سلێمانیدا لە دوای ٢٠٠٣ پێچەوانە بووەتەوە، ”ئێستا گەشتووەتە ئەوەی لە هەموو ڕووەکانەوە لە پاشی پاشەوەیە، لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە ناوچەکانی سلێمانی و سەوزی جاران لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، ئاسمان و ڕیسمانیان جیاوازە“.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە ”کادیری دارایی و ئیدارەی گشتیی یەکێتی هەموویان بوون بە لۆرد و گەندەڵییەکانیان گەیشتووەتە لوتکە و کەس نازانێت سامانی یەکێتی چی لێدێت، نەک هەر کەس ناوێرێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، بەڵکوو ئەوان بە زەبری پارە کۆنتڕۆڵی حزبەکەشیان کردووە“.
لەتیف مستەفا دەڵێت، ئێستا ”لە ڕووی جەماوەرییەوە، وای لێهاتووە، یەکێتیبوون لە سلێمانی بووە بە عەیب، باشترین بەڵگەش ئەوەیە، کە لە ناوەندی قەڵا کۆنەکەی خۆی، کە سەنتەری سلێمانییە، یەک کورسی نەهێناوە“.
جەختیشی کردووەتەوە، کە لە ڕابردوودا گوێ لە ڕەخنەکان و ”کەسانی دڵسۆز“ نەگیراوە و ”هەرچی ماستاوچی نەبوو یان پیاوی بنکردەکان نەبوو، یان ڕەخنەی لێگرتن، دووریان خستەوە و بەعسی و ماستاوچییەکان و دزەکان و پیاوەکان و شەریکە دزەکانی خۆیان لە شوێن دانان، سەرەنجام حزبەکەش و ناوچەکەش زەرەرمەندی یەکەم بوون“.