نوچە
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت “داعش 100% کۆتایی هاتووە و خەلیفەی رێکخراوەکەشمان کوشتووە”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، لە گوتاری ساڵانەیدا لەبەردەم کۆنگرێس رایگەیاند “زیاتر لە 20 هەزار میل چوارگۆشە لە عێراق و سوریا لە بندەستی رێکخراوی داعشدا بوو، بەڵام ئێستا 100% کۆتایی هاتووە و ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی رێکخراوەکەشمان کوشتووە”.
لەبارەی ئێرانیشەوە گوتی، بینیمان خەڵکی ئەو وڵاتە لەدژی دەستەڵاتدارانی ستەمکار راپەڕین، هەروەها “پێویستە تاران واز لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوکی بێنێت و رێز لە خواستی ھاوڵاتیانی بگرێت”.
لە گوتارەكەیدا ترەمپ، ئاماژەی بەوەشكرد “ئەمریکا پلانێكی تۆكمەی بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی داڕشتبوو”.
ترەمپ ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ئەفغانستان و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان کرد و گوتی “کاتێک ئاشتی هاتەکایەوە، هێزەکانمان دەگەڕێنینەوە بۆ وڵات”.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ چین دۆناڵد ترەمپ گوتی “پەیوەندیمان لەگەڵ چین زۆر باشە”.