نوچە
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوەی لە بەغدا روودەدات بەھۆی خراپ بەرێوەبردنی ساڵانی رابردووە بووە. دەشڵێت ”عەبدولمەهدی ھەموو ھەوڵی خۆیدا، بەڵام بەداخەوە پاڵپشتی نەکرا”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس٢٤ رایگەیاندووە: پاڵپشتی داوا رەواکانی خەڵکی عێراق دەکەین و ھیوادارم کاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، لەلایەن خەڵك و لایەنە سیاسییەکانیشەوە پاڵپشتی بکرێت.
مەسرور بارزانی جهختی لەوە كردهوه، کە “زۆربەی خۆپیشاندەران، کە ھاتوونەتە سەر شەقامەکان داوای چاکسازی دەکەن. داوای نەھێشتنی گەندەڵی و حکومڕانیەکی باش دهكهن و ئێمە بەتەواوی پاڵپشتی داوا رەواکانی خەڵکی دەکەین. بەڵام ھەندێك جاریش ئەجێندای سیاسی تێکەڵ کراوە. کە بابەتەکەی تارادەیەك ئاڵۆزتر کردووە”.
سهرۆكی حكومهتی هەرێم له چاوپێكهوتنهكهیدا لهگهڵ فرانس 24 گوتیشی “لەراستیدا عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، ھەموو ھەوڵی خۆیدا، بەڵام بەداخەوە لەلایەن لایەنه سیاسییەکانی دیکەوە وەك پێویست پاڵپشتی نەکرا، بۆ ئهوهی بتوانێت ئهجێنداكهی جێبەجێ بکات”.
بارزانی دووپاتیشیكردهوه “ههر بۆیه هیوادارم بەرێز عەلاوی، كاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن ھێزە سیاسیەکان و خەڵکیشەوە پاڵپشتی زیاتر بکرێت، بۆئەوەی سەرکەوتوو بێت”.