پەرلەمان: چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێم و دەرەوەی وڵات وەك یەكە

0

شلێر سەعید: هەولێر

 سەرۆكی لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر، لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، چارەسەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا و نانەكەلی و دەرەوەی وڵات وەك یەكە. دەشڵێت ”شێرپەنجە روو لە زیادبوونە، بەڵام ئەوە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتان نۆرماڵە”. 

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە، كە زۆر پێویستە خزمەتگوزاریەكان فراوان بكرێن بۆ بەرنگاربونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە، بەتایبەت لە وڵاتە كەم دەرامەتەكان، و دەشڵێت، مەترسییەكە لە زیادبوونە تا 60% زیاتر دەبیت لەماوەی دوو سەدەی داهاتوو و حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە پێشبینی دەکەن لەو وڵاتانە  بە رێژەی 81% زیادبکات.

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، د. سەباح محمود، سەرۆكی لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە كوردستان ئاماری %100 -مان نییە ژمارەی شێرپەنجە چەندە، ئەوەی هەمانە بە پێی ئەو نەخۆشانەیە، كە سەردانی نەخۆشخانەی نانەكەلی دەكەن لە هەولێر و لە سلێمانی نەخۆشخانەی هیوا یان ئازادی لە دهۆك.

گوتیشی ساڵ بە ساڵ شێرپەنجە لە زیادبوونەدایە ئەوە شتێكی نۆرماڵە، بەنمونە گەر سەیربكەین لە ئوستراڵیا  لە  100 هەزار كەس 400 چوارسەد كەس تووشی شێرپەنجە دەبن و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە عێراقیش یەکێک لەو وڵاتانەیە، بە پێی سەرژمێریەكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، 114 كەس تووشی شێرپەنجە دەبن لە 100 هەزار كەس، گەر بەراورد بكەین، 114 بە 400 جیاوازیەكی زۆر هەیە، هەرچەندە ژمارەكە لە هەڵكشانە.

د. سەباح ئەوەشی خستەڕوو، گەر خەڵك هۆشیار بێت و سەرەتا فریای خۆی بكەوێت، مەترسی لەسەری كەمترە چونكە شێرپەنجە چارەسەری تەواوی هەیە و ئێمە لەهەوڵی ئەوەداین ئاستی هۆشیاری خەڵك زیاد بكرێت، چونكە هەندێ‌ جۆر لە شێرپەنجە وەك شێرپەنجەی سینگ (مەمك) 100% چارەسەری هەیە، بەڵام گەر لەسەرتاوە فریای خۆی بكەوێت ئەوەندە خەرجی ماددیشی ناڕوات و لە رووی دەرونیش هەندە زیانی پێناگات.

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمان ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەوان وەك پەرلەمان تەنها چاودێرن. دەشڵێت   ”ڕاستە نەخۆشخانەكان وەك پێویست نین، بەڵام ناتوانین كوردستان بەراورد بكەین بە وڵاتان؛ ئێستا باشترین پشكنینی سینگ هەیە لە هەرێم، بەڵام لە دهۆك گەر كەسێك پێویستی بەو تیشكە هەبێت دەبێ سەردانی سلێمانی یان هەولێر بكات.

سەبارەت بە وەی بۆ چ خەلك دەبێ بچتە وڵاتان بۆ چارەسەركردن لەكاتێكدا لە كوردستان نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە هەیە د. سەباح  گوتی ”زۆربەی خەڵك، كە دەچێتە دەروەی وڵات بۆچارەسەركردن، بۆ دڵنیایی خۆی دەچێت، یان ئیمكانیەتی ماددی باشە، گەرنا چارەسەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا و نانەكەلی و دەرەوەی وڵات وەك یەكە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com