نێچیرڤان بارزانی یاساکەی پەسەند کرد

0

نوچەنێت

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، یاسای چاکسازی لە موچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان واژووکرد.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٤-٢-٢٠٢٠، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان یاسای چاكسازى له‌ موچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین، ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستان، واژوو کرد.

ئەم پڕۆژە یاسایە لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەڵاڵەکراوە، مانگی رابردوو لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا.

ده‌قى ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:

ئه‌مڕۆ یاسای چاكسازى له‌ مووچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین، ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستان ــ عێراق ژماره‌ 2ی ساڵی 2020ـم واژۆ كرد كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئاماده‌ى كردووه‌ و ناردوویه‌تیه‌ په‌رله‌مانى كوردستان‌ و ‌ڕۆژی 16/1/2020 په‌رله‌مان په‌سه‌ندى كرد.

ئه‌م یاسایه‌ مایه‌ى سه‌رنج و تێڕوانینی چین و توێژه‌ جیاكانی كۆمه‌ڵگه‌ بووه،‌ بۆیه‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ به‌ فه‌رمی گه‌یشتووەته‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، شاره‌زایان و پسپۆڕان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، زۆر به‌ وردی تاوتوێیان كرد و لایه‌نه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی یاساكه به‌ شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌ به‌ وردی خرانه‌ ڕوو.

هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تێگه‌یشتنی ته‌واومان بۆ ئه‌و سه‌رنج و تێبینییانه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بوارى خانه‌نشینیدا‌، جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ یاساكه‌ هه‌نگاوێكی دیكه‌ی چاكسازییه‌ له‌ بوارى كارگێڕى و داراییدا. به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ی چاكسازی له‌پێناو به‌رژەوه‌ندیی گشتیی گه‌لی كوردستاندا.

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌سپێرین تا له‌ ماوه‌یه‌كی گونجاودا پرۆژه‌یاسای خانه‌نشینیی یه‌كگرتوو بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ بكات و پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانى بكات، به‌ شێوه‌یه‌ك بنه‌ما و پێوه‌ری هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری تێدا بێت و مووچه‌خۆران دڵنیا بكاته‌وه‌ كه‌ ئێستا و داهاتووش ماف و شایسته‌كانیان مسۆگه‌ر و پارێزراو ده‌بن، هه‌روه‌ها له‌ په‌یڕه‌وى جێبه‌جێكردندا ڕه‌چاوی ئه‌و تێبینی و پێشنیارانه‌‌ بكرێت كه‌ ده‌رباره‌ی یاساكه‌ خراونه‌ته‌ ڕوو، ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ش كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنیدا ده‌رده‌كه‌ون، ده‌كرێت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ و په‌یڕه‌و‌ی جێبه‌جێكردنی، چاره‌سه‌ر بكرێن.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

4/2/2020

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com