نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان دەیەوێت فاکتەرى سەقامگیرى بێت لە ناوچەکە

0

نوچە

ئێوارەى ئەمڕۆ (دووشەممە ٣-٢-٢٠٢٠) سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە وەزیرى دەرەوە و وەزیرى بەرگریى بەلجیکا کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا پەرەپێدانی پەیوەدنییەکانی هەرێمی کوردستان و بەلجیکایان دووپاتکردەوە. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەیەوێت فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى بێت لە ناوچەکە.

بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێم، لە دیدارەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی بەلجیکای کرد بۆ هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیدا و دووپاتى کردەوە عێراق و هەرێمى کوردستان هێشتا پێویستییان بە بەردەوامیى هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر هەیە.

هەر لە کۆبوونەکەدا کە جێگرانى سەرۆکى هەرێمی کوردستان، باڵیۆزى بەلجیکا لە عێراق و ئوردن و شاندێکى هاوبەشى هەردوو وەزارەتى دەرەوە و بەرگریى بەلجیکا ئامادەى بوون، کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێکرا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى کردەوە هەرێمى کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانى لەگەڵ عێراق لەسەر بنەماى دەستوور چارەسەر بکات و دەیەوێت فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى بێت لە ناوچەکە.

لەبارەی دۆخی عێراق و خۆپێشاندانەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریى هەرێمى کوردستانى بۆ داواى خۆپێشاندەرانى عێراق لە ژیانێکى باشتر و خزمەتگوزارییەکان، دووپاتکردەوە.

هاوکات وەزیرى دەرەوە و بەرگریى بەلجیکا ئارامى و سەقامگیریى عێراق و هەرێمى کوردستان و ناوچەکەى بە جێى بایەخى بەلجیکا لە قەڵەم دا و ستایشى رۆڵى هەرێمى کوردستانى لە شەڕى دژى تیرۆر و هەوڵەکانى لەپێناو سەقامگیرى و هێورکردنەوەى گرژییەکاندا و پێکەوەژیان و لێبوردەیى لە هەرێمى کوردستان کرد. سوپاسى حکومەت و خەڵکى هەرێمى کوردستانیشی کرد بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران و پاراستنى پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەیاندا برەودانى زیاتر بە پەیوەندیى دوولایەنە، چارەنووسى گیراوانى داعش و خێزان و منداڵەکانیان لە کەمپەکان بەتایبەتى لە سووریا تاوتوێکرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com