نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێش هەموو شتێک، پێویستە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، دۆخی ئەمنی عێراق چاک بکاتەوە و ئاسایش بەرقەرار بکات.
ئێوارەی رۆژی شەممە ١-٢-٢٠٢٠، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، بە فەرمی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی عێراق راسپارد. عەلاویش رایگەیاند ”حكومەتێكی دادپەروەر پێكدەهێنێت، كە دوور بێت لە پشكپشكێنەی تائیفی و حزبی”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، ڕایگەیاند”پێش هەمووشتێک دەبێت سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، دۆخی ئەمنی و ئاسایشی عێراق چاک بکاتەوە و ئاسایش بەرقەرار بکات، دەبێت تەنها چەک لە دەستی حکومەتدا بهێلێتەوە و حکومەت بکاتە حکومەتێکی نیشتمانی و متمانە نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەگەڕێنێتەوە، ئەوکاتە دەتوانێت بیر لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان بکاتەوە”.
هەرکی گوتیشی “لەماوەیەکی کورتدا کەس ناتوانێت دۆخی عێراق بەتەواوەتی ئاسایی بکاتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو هێزانەی، کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقن و دەسەڵاتیان لەدەستدایە، ئەگەر بیانەوێت خزمەتی گەلی عێراق بکەن و واز لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و مامۆستاکانیان بهێنن، لە هەمان کاتدا خزمەتکردنی گەلی عێراق بکەنە بەرنامە و پاڵپشتی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق (محەمەد تۆفیق عەلاوی) بن، لەوانەیە لە ماوەی ساڵێکدا دۆخی عێراق تاڕادەیەک ئاسایی بکرێتەوە”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەر ئەمیش هاوشێوەی ئەوانی دیکە، حکومەت بکاتە حکومەتێکی پشکپشکێنە و جارێکی تر خەڵکی عێراق بکاتەوە قوربانی، ئەوا ئەویشی بەردەوام نابێت، وەک ئەوانی تر دەڕوات و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ئقلیمی و نێودەوڵەتیش پارێزراو دەبێت.