نوچە: ئاژانسەکان
لە فیلیپین پیاوێکی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا. ئەوەش بە یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە دەرەوەی چین هەژمار دەکرێت.
نووسینگەی فلیپینی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایانگەیاند: ئەو پیاوە 44 ساڵە و هاوڵاتی چینە و خەڵکی شاری ووهانە. ئاماژەی بەوە کردووە، کە “ئەوە یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە دەرەوەی چین تۆمارکرابێت”.
بەرپرسانی تەندروستیی فلیپین باس لەوە دەکەن، ئەو پیاوە لە 21-01-2020ـدا لەگەڵ ئافرەتێکی 38 ساڵاندا چووەتە فلیپین و ئێستا ئافرەتەکە لەژێر چاودێریدایە.
فرانسیسکۆ دوکێ، وەزیری تەندروستیی فلیپین ئەوەی خستەڕوو، “نەخۆشەکە لە چەند رۆژی دواییدا باری تەندروستیی جێگیربوو و نیشانەکانی چاکبوونەوەی تێدا بەدیدەکرا، بەڵام لە 24 کاژێری کۆتایی ژیانیدا تەندروستیی خراپبوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی”.
چەند کاژێرێک بەر لە گیانلەدەستدانی ئەو تووشبووە، فلیپین رایگەیاند، رێگە بەو هاووڵاتییانە نادات کە لە چین، هۆنگکۆنگ و ماکاوەوە بچنە وڵاتەکەیەوە کە خەڵکی فلیپین نین.
ئێستا فلیپین چاودێریی 23 هاوڵاتی دەکات کە لە نەخۆشخانەدا جیاکراونەتەوە و تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا 305 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ژمارەی ئەو توشبووانەی چاکدەبنەوە لە هەڵکشاندایە و ئەوانیش ژمارەیان 284 کەسە.