نوچە
ئەمڕۆ (شەممە ١-٢-٢٠٢٠) لە ڕێوڕەسمی شازدەیەمین ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بە ئامادەبوونی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو،
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا بە بۆنەی شازدەیەمین ساڵیادی یەکی شوبات رایگەیاند: ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەتەوە هەتا ڕێز لە یاد و بیرەوەیی ١٠٣ شەهیدی کارەساتی یەکی شوبات بگرێن، کە ١٦ ساڵ لەمەوبەر و لەناو دوو بارەگای لقی دووی پارتی و مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر ڕوویاندا. بێگومان خوێنی قوربانیانی یەکی شوبات بووە هۆی یەکڕێزی و تەبایی گەلەکەمان.
بریکاری وەزارەتی شەهیدان گوتیشی “بنیاتنانی ئەو ئارامی و ئاسایش و خوشگوزەرانییەی کەلە هەرێمی کوردستان هەیە، لە سایەی قوربانیدان شەهیدان و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان بووە”.
بەرەڤان حەمدی گوتیشی “ڕێوڕەسمی ئەمڕۆمان تەنیا تایبەتە بە دانانی تاجەگوڵینە و بۆ ئەم مەبەستەش شەش تاجەگوڵینەمان ئامادە کردووە، کە بە شێوەی پرۆتۆکۆلی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، حزب و لایەنە سیاسییەکان، کونسوول و نوێنەرایەییە بیانییەکان و کەسوکاری شەهیدان و قوربانییەکان و ڕێکخراو و دامەزراوەکان، تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهدانی یەکی شوبات دادەنێن”.
