نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتبەێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا کار لەسەر دانانی لۆگۆی نوێی تەکسییەکان دەکرێت و لەماوەی شەش مانگدا جێبەجێ دەکرێت.
پرۆژەی نوێی دانانی لۆگۆی تەکسییەکانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ (پۆلیس، ئاسایشی گەڕەکەکان و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ) لەهەرسێ پارێزگای حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئومێد محەمەد ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە لۆگۆی نوێی تەکسی، ڕایگەیاند: لە ئێستادا کار لەسەر دانانی لۆگۆی نوێی تەکسییەکان دەکرێت و لەماوەی شەش مانگدا بەتەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لێدانی ئەو لۆگۆیانەش لە تەکسییەکان بۆ ئەوەیە کۆنترۆڵی گواستنەوەی و مامەڵەی تەکسی شارەکان بەباشی بکرێت”.
ئومێد محەمەد گوتیشی “هەر شارێک لۆگۆی تایبەتی خۆی دەبێت، بە جۆرێکیش ڕێکدەخرێت، کە لۆگۆی تەکسی ناوشارەکان جیاواز دەبێت لە لۆگۆی تەکسی دەرەوەی شارەکان، بۆ ئەوەی تەکسی ناوشارەکان نەتوانێت بچێت لە دەرەوەی شارەکان گواستنەوە بکات، بەپێچەوانەوەش”.