نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە کار بۆ دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی کەرتی تایبەت بکرێت، بۆ ئەوەی زەمانەت بدرێت بەو کەسانەی لەکەرتی تایبەتدا کاردەکەن.
کەرتی تایبەت لە وڵاتانی پێشەکەوتوو- و گەشەسەندوو، ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەبووە، لە ڕەخستاندنی هەلی کار و لەکەرتی گشتی زیاتر پشتیپێبەستراوە، لەهەرێمی کوردستانیش هەرچەندە گرنگی زۆر بەکەرتی تایبەت دراوە و کارمەندانی کەرتی تایبەت موچەکەیان زیاترە بەراورد بە کەرتی گشتی، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا خەڵک متمانەی زیاتری بەکەرتی حکومەت هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دوای چەند ساڵێک لە خزمەتکردنی خانەنشین دەکرێت، بەڵام لە کەرتی تایبەتدا ئەمە نییە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، کاروان گەزنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: من پێموایە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان باشە، بەڵام یاساکە هەندێک کەم و کورتی تێدایە و دەبێت چاک بکرێت؛ بەجۆرێک، کە بگونجێت لەگەڵ ئێستادا و مافی کرێکار لای خاوەن کارەکەی بە هەموو شێوەیەک پارێزراو بێت، من ڕۆژانە نامەیەکی زۆرم بۆ دێت، بەداخەوە بەشێک لە کۆمپانیاکان بەشێوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ کارمەندەکانیان ناکەن، بۆیە پێویست بەوە دەکات، کە ئەم یاسایە بەزووترین کات هەموار بکرێتەوە”.
گەزنەیی گوتیشی “ئێمە خەڵکێکی زۆرمان هەیە لەکەرتی تایبەت کاردەکەن بە موچەیەکی باش، بەڵام متمانەی نییە و حەزدەکەن لەکەرتی حکومەتدا کار بکەن، کە ئەمەش خراپە، ناحەقیشی نییە لە بەرئەوەی لە دوای ٣٠ ساڵ وەزیفەی لەکەرتی تایبەتدا، دیار نییە چی بەسەر دێت، کە چووە تەمەنەوە”.
هەروەها دەشڵێت “پێویستە لە هەرێمی کوردستان سندوقێک درووستبکرێت بەناوی سندوقی خانەنشینی کەرتی تایبەت، بۆئەوەی زەمانەت بدرێت بەو کەسانەی لەکەرتی تایبەتدا کاردەکەن و متمانەیان لادرووست بێت، بە جۆرێک، کە بتوانن لەکەرتی تایبەت کار بکەن”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ چەند هەڤاڵێکمدا کار لەسەر ئەوە دەکەین یاساکە هەموار بکرێتەوە و سەرقاڵی کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای دیکەش دەبین بۆ ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە هەرێمی کوردستان.