نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی مۆلیدەئەهلیەکانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری گۆڕینی مۆلیدەکان بۆ کاتم واتە بێدەنگ بڕیاری یەکلاکەرەوەیە و هیچ گۆڕانکاری بەسەردانەهاتووە.
پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە گۆڕینی مۆلیدە ئەهلیەكان بۆ مۆلیدەی بێدەنگ و دانانی فلتەر بڕیاری دەركردووە تا ١-٥-٢٠٢٠ تەواوی مۆلیدەكان بە مۆلیدەی گەورەی ماڵان و كۆمپانیا و سەرجەم شوێنەكان بكرێن بە مۆلیدەی كاتم واتە بێدەنگ، ئەمەش ناڕەزایەتی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكانی لێكەووەتەوە و ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۹-١-٢٠٢٠ ژمارەیەك خاوەن مۆلیدەی ئەهلی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان لەبەردەم قائیمقامیەتی هەولێر ئەنجامدا و داوای ڕاگرتنی بڕیاری بێ دەنگكردنی مۆلیدەكان دەكەین.
قارەمان مەولود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەهلیەکانی هەولێر، سەبارەت بە بڕیارەکەی پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ڕایگەیاند”بڕیاری گۆڕینی مولیدە ئەهلیەکان بۆ مۆلیدەی کاتم واتە (بێدەنگ) بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، ئەوانەشی داوادەکەن بڕیارەکە ڕابگیرێت، ئەو خاوەن مۆلیدانەن کە هاتوون مۆلیدەیەکی خراپ و بێکەڵکیان داناوە و هەفتەی چەند ڕۆژێک خەڵکی بێکارەبا دەکات و کێشە بۆ خەڵکی درووستدەکات”.
قارەمان مەولود، دەشڵێت “هەر خاوەن مۆلیدەیەکیش لە ماوەی دیاری کراودا پابەند نەبێت بە گۆڕینی مۆلیدەکەی بۆ مۆلیدەی کاتم، شوێنەکەی لێوەردەگیرێتەوە و بەپێی ڕیزبەندی ناوی ئەوکەسانەی کە داوایان کردووە شوێنی دانانی مۆلیدەی بێدەنگیان پێدرێت دەدرێت بەکەسێکی دیکە”.
هەروەها جەختیشیکردەوە “گۆڕینی مۆلیدەکان بۆ مۆلیدەی بێدەنگ، لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان دایە و هیوادارم خاوەن مۆلیدەکان پێوەی پابەندبن؛ ڕاستە ئێستا ٣٠ بۆ ٤٠ وەرەقە زەرەر دەکەن، بەڵام لە داهاتوودا نرخی مۆلیدەکەی بەرز دەبێتەوە، بەوەی کە مۆلیدەکەی کردووە بە کاتم”.