نوچە
ئەمڕۆ (چوارشەممە 29ـ1ـ2020) سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میخاییل بۆگدانۆڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی روسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەروەی روسیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا سڵاوی سەرۆك پووتین و وەزیری دەرەوەی روسیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی روسیا و گەلی كوردستان و رۆڵی خانەوادەی بارزانی لەو پەیوەندییەدا، سەرۆك بارزانیشی وەك دۆستێكی مەزنی گەلی روسیا وەسف كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی روسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا پێزانینیشی بۆ سەقامگیری و پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو و ویستی وڵاتەكەیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا نیشان دا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك پووتین و وەزیری دەرەوەی رووسیای كرد و هەورەها سوپاسی هەڵوێستی حكوومەت و كۆمپانیاكانی رووسیای كرد كە لە رۆژانی سەخت و تەنگانەدا لەبەرانبەر هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ئیجابی و بەرزیان نواندووە.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندی و دۆستایەتی دێرینی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و روسیا كرد و بە پێویستیشی زانی ئەو پەیوەندییانە قووڵتر و فراوانتر بكرێن. لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنە سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سوریا بە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی روسیا گەیاند و بۆچوون و پێشنیازەكانی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەلی كورد لە سوریا خستەڕوو.
بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و هەڕەشەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر و مەترسییەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.