نوچە
دەزگای گشتی كاروباری مین، ئاماری كار و چالاكییەكانی ساڵی 2019-ی دەزگاكەی راگەیاند، وەك لە مەڵپەڕەكەیان بڵاویان كردۆتەوە ، لەساڵی رابردوودا زیاتر لە 10 ملیۆن مەتر دووجا زەوییان لە مەترسییەكانی مین پاككردۆتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا 6 هەزار و 808 مینی دژە كەسی و دژە تانك لەناو براون.
رۆژی دووشەمە ( 27-1-2020) دەزگای گشتی كاروباری مین، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئاماری كاروچالاكیەكانی 2019، راگەیاند: بەراود بە ساڵی پێش، دەزگای گشتی كاروباری مین كاروبەرهەمی لە رووبەری پاككراو و ژمارەی مین و تەقەمەنی لەناوبراو نزیكەی بۆ دووهێندە زیاد كردووە، هەروەها ژمارەی شەهید و كەم ئەندام بوون بە مین و تەقەمەنی لە چاو ساڵی پێش خۆی رووی لە كەم بوونەوە كردووە.
سیراج بارزانی، سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین، لە كۆنگرەیە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: لەو ساڵەدا توانراوە دە ملیۆن و 424 هەزار و 32 مەتر دووجا، لە مین و تەقەمەنی پاكبكرێتەوە، كە (179) كێڵگە مین و شەڕگە دەگرێتەوە، دوای پاككردنەوەشی رادەستی خاوەنەكانیان كراوەتەوە، لە ئێستادا دەتوانرێت بۆ كاری ئاژەڵداری و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان بەكار بهێندرێت.
ناوبراو ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانەی، كە لە رێگەی تیمەكانی مین لابەری دەزگای مین و رێكخراوەكانەوە لە ناوبراون و هەڵگیراونەتەوە لە كێڵگە مینەكان، بە نزیكەی 28 هەزار مین و تەقەمەنی مەزەندە كرد، كە مینی دژەكەسی و دژە تانك و تەقەمەنی سەرپێی (IED) و پاشماوەی جەنگی لەخۆ گرتووە، كە هەر مین و تەقەمەنیەك مەترسی بووە بۆ سەر گیانی چەندین هاوڵاتی و گیانلەبەران”.
سیراج بارزانی، دڵگرانی خۆی بۆ ژمارەی شەهید و بریندارەكان دەربڕی، كە لە ساڵی2019 بەهۆی مین و تەقەمەنیەوە بوونەتە قوربانی و گوتی “لەو ساڵەدا 22 بەركەوتوو بە رووداوەكانی مین و تەقەمەنی تۆمار كراوە، كە لەو ژمارەیە بەداخەوە 8 كەس گیانیان لەدەستداوە و 14-ی دیکەش بریندار و كەم ئەندام بوون؛ خۆشبەختانە ژمارەكە بەراورد بە ساڵی پێش خۆی كەمی كردووە، كە لە ساڵی 2018 ژمارەكەی بریتی بوو لە 35 قوربانی، كە بەشێكی قوربانیان بۆ پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە، كە سەرجەم كێڵگە مینەكان هێما و نیشانەی ئاگاداركردنەوەیان بۆ كراوە، بەڵام هەندێک لە هاوڵاتیان پێیەوە پابەند نابن و رووداوی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە.
سیراج بارزانی راشیگەیاند “لەوساڵەدا كۆمەڵێك كاری گرنگ كراوە لە دەزگا بۆ هاندانی مینلابەران، یاسای ماف و ئیمتیازات ئاراستەی پەڕلەمانی كوردستان كراوە بۆ خوێندنەوەی خستنە بەرنامەی كاری پەرلەمانییەوە بەو هیوایەن لەوساڵەدا بكەوێتە بواری جێ بەجێ كردنەوە.
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە عوبێد ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی كاروباری تەكنیكی گوتی “لەوساڵە دا توانراوە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی هۆشیاركردنەوە، نزیكەی لە 165 هەزار كەس سودمەندبن لە بەرنامەی هۆشیاركردنەوە، كە دەزگای مین بە بەردەوامی لە گوند و ئاواییەكان، رێنمایی بۆ خەڵك بڵاودەكاتەوە، كە نزیكی ناوچە مەترسیدارەكان نەكەون، بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت لە مەترسیەكانی مین و تەقەمەنی”. ئەوەشی خستەڕوو، كە ژمارەی چاودێرانی دڵنیایی جۆری بۆ كێڵگە مینەكان، نزیكەی سێ هەزار سەردانی كردن بەمەبەستی پابەندبوونی مین لابەران و پاراستنی گیانیان لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی و رووداوی نەخوازراو”.