نەوازاد عەلی-سلێمانی
باژێروانی گۆڕان لە هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، هەموو لایەنە سیاسییەکان چاوەڕوانی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی دەکەن، بۆئەوەی قسەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر پرسی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە.
دوای چەندین کۆبوونەوەی لایەنەکانی هەڵەبجە بەمەبەستی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا، لەماوەی ڕابردوودا دواجار حزبەکان گەیشتنە ڕێککەوتن، بەڵام دوای سێ ڕۆژ لە ڕێککەوتنەکە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەبیانوی کێشەی باڵباڵێنی ناوخۆی حزبەکەیان و بەبیانوی ئەوەی لە هەولێر پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی پێنەداون، ڕێککەوتنەکەیان هەڵوەشاندەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، نزار مەحموود، باژێروانی گۆڕان لە هەڵەبجە، لە بارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە، ڕایگەیاند: هەموو لایەنەکان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن سەرکردایەتی نوێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بتوانێت سکرتێر و جۆرێک لە دابەشکردنی پۆستەکان لەناو خۆیان یەکلایی بکەنەوە، تا بتوانرێت قسەیان لەگەڵ بکرێت، ئەگەرنا یەکێتی بەم شێوەی ئێستا هیچ قسەیەکی لەگەڵ ناکرێت”.
باژێروانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا پۆستەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە لای یەکێتییە و هیچ کەسێک نییە لە ئێستادا بڕیار بەدەستی یەکێتی بێت، بۆئەوەی لەگەڵیدا تاوتوێی ئەم پرسانەی هەڵەبجە بکرێت.
نزار مەحمود هیواخوازە، کە سەرکردایەتی نوێێ یەکێتی سەرکردایەتییەک بێت، بتوانرێت قسەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆئەوەی ئێمە بتوانین جارێکی دیکە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەڵەبجە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە دەستپێبکاتەوە”.